کەلتور

نوێترین کۆمەڵە شیعری گوڵاڵە دروودیان بڵاودەکرێتەوە

07:58 - 24/05/2022 109 جار خوێندراوەتەوە

کولتوری زەمەن

وەشانی نووسیار، به‌م زوانه‌ کۆمەڵە شیعری ''جەنابی تۆ ئیزنم هەیە بەدەم باوە شتێ بڵێین!؟ " نووسینی شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (گوڵاڵە دروودیان) چاپ و بڵاودەکاتەوە. ئەم کۆمەڵە شیعرە بریتییە لە شێعرهایەک کە لە باری ناوەڕۆکەوە لێوانلێوە لە کەڵکەڵەهای ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کە لەگەڵ کۆمەڵگای پیاوسالار و نەریتەکانیدا دەس بە یەخەیە(بە شەڕ هاتووە). ئەم کەڵکەڵەگەلە لە زۆر جێگا لە شێعرەکاندا خۆی نواندووه و شاعیر ویستوویە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیک و هەروەها زمانێکی تایبەت به خۆی ئەو کەڵکەڵەگە بشێعرێنێ !

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە گوڵاڵە دروودیان ده‌ڵێت:
بەڕای من شێعر هەوڵێکە بۆ نواندنی ئەزموون های هەر ڕۆژەی ژیان کە زۆر کەس بە وردی شاعیر نایبینن وهەستی پێ ناکەن ؛ لە هەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی بێ وێنەیە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە و ڕوانینێکی قووڵ لە مەڕ تەواوی ئەو شتانەی بینراوو نەبینراون.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو خاڵە کە شێعر دیاردەیەکی زمانییە و لە ئامێزی زمان – لە چوارچێوی جوانیناسییەکی تایبەت – دا ڕوو دەدات ، شاعیر ئەبێ ئاگای لەوە بێت کە شێعر هونەری زمانە نە ئامرازێ بۆ نواندن و وتنەوەی شتەکان ( بگرە ئەو شتانە هەر ئەو ئەزموونانە بێت کە باسمان کرد) .
لە ڕوانگەیەکی ماکرۆسکۆپیدا ، شێعرەکانی ئەم کۆمەڵە شێعرە لێوانلێوە لە کەڵکەڵەکانی ژنێکی کورد – ڕۆژهەڵاتی کە دەست و پێ و تەنانەت بیر و هۆشی لە چوارچێوەی نەریتەکاندا دیل کراوە . ژنێک کە بە درێژایی مێژوو چەوساوەتەوە و مەحکووم بووە بە بێدەنگی ؛ بێدەنگییەکی مێژوویی کە لە ئاکامدا لە ناخی ئەم شێعرانەدا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی ئەنوێنێ و لە زۆر جێگا پاڵ ئەدات بە یاخی بوونێکی تەواو.
ژنی نوقم بوو لە ناخی ئەم شێعرانەدا ، ئەو ژنەیە کە بە درێژایی مێژووی خۆی ؛ بە هۆی پێشینەی پیاوسالاری ئەو مێژووە ،هیچ کات هەستی بە فەردییەتێکی بەرچاو نەکردووە ؛ فەردییەتێک کە زۆر کات هەر نەبینراوە و نەبیستراوە و بایەخی پێ نەدراوە .

ئەگەر بە دەگمەن دەرفەتی نواندنی خود و بیر و هەستی پێدراوە ، ڕێک هەمان سیستەمێ پێشووی پەیڕەو کردووە و هیچ دەلاقەیەکی جیاوازی بۆ ڕوانین پیشان نەداوە و هیچ چەمکێکی تازەی نەخستووەتە سەر ئەم لایەنە مەعریفییە وەهەروەها لە نێو زمانێکی بە کلیشەبوودا پەل داوێژێ و ناسەرکەوتووانە لاساییکەری مۆنۆلۆگێکی زاڵ بووە و هەر بە مەترە کۆنەکانی خۆی دونیای پێواوە و خۆی بۆ خۆی خاوەن شوناسێکی سەربەخۆ نەبووە و لەوانەیە لە نواندنەوە و وتنەوەی " خۆی"دا گیرۆدەی خودسانسوری و ترسێکی سەپێندراو بووبێ.
لە کتێبەکەوە:

ئێستاش
منم و ژنێک
ئاڵۆزاوێکە لە ناخیدا
لە مێشکیدا
قەرەباڵغە و
لە گوڵ گوڵی کراسەکەیدا
بە شێعرێکەوە ژان ئەمگرێ ...
بە دەم ئەم تارماییەوە
چەنێ بەیانی خەریکە نایێت


گوڵاڵە دروودیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٠ لە کرماشان. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە  لە زمان و ئەدەبی فارسی. سەرەتاکانی بە نووسینی کورتە چیرۆک و شیعر دەستی پێکردووە و دوا بەدوای ئەوە بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی ئەدەبی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی کردووە. ئێستا مامۆستای زمان و ئەدەبە و نیشتەجێی شاری تاران ـە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن