هەواڵ

سلێمانییەکان.!

09:16 - 14/05/2019 167 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


کتێبی زەمەن

* لەژێر هۆتێل مەولەوی بەرانبەر بەردەرکی سەرا، بۆ پەڕینەوە بەرەو جادەی سجن، چاوەڕوانی چۆڵبوونی شەقامەکەمان دەکرد، ئەو بەرەوە بانقەکە بوو، هەردوکمان گیرفانمان خاڵی، بەڵام “کامەرانی مەلەک” لەهەر جێیەک بوەستایە، دەیتوانی هەزاران دینار پەیدا بکات”.


* ئەم چەند دێڕە کورتە، پەرەگرافی یەکێکە لە چیرۆکەکانی کۆمەڵە چیرۆکی “سلێمانییەکان” “فاروق هۆمەر” ئێستا هەست دەکەم  “فاروق هۆمەر”یش لێرەداو لەبەردەمی مندا وەستاوەو بەیادی ساڵانی هەشتاکانەوە، خۆی و ڕزگارو عەول دەیانەوێ لێرەوە بە پێ بڕۆن بۆ سەیری شانۆگەرییەکی ئەحمەد سالار.!


* لە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی “سلێمانییەکان”دا، ئەوەی مایەی پرسیارو تێڕامانە، باشە بۆ لەو ٢١ چیرۆکی ئەم کتێبەدا، تەنها ئەم دیمەنەی ئەو چیرۆکەم لە ئێستادا بیرکەوتەوە؟ ڕەنگە پەیوەندی بە خەیاڵدانی دوو کەسەوە هەبێت کە دەیانەوێ چیرۆکی شار بخوێننەوە؟ یان ڕەنگە پەیوەندی بە کارەکتەری “کامەرانی مەلەک”ەوە هەبێ، کە هەمان ناوی منە و لەو ساتەشدا کە ئەو چیرۆکەم خوێندەوە، خۆشەویستیەکی سەیرم بۆ کامەرانی مەلەک درووستبوو... بەهەرحاڵ  خەیاڵ هات و لەو ساتەدا، بردمییەوە بۆ ناو ئەو چیرۆکە جوانە.!


* سلێمانییەکان، کۆمەڵە چیرکێکی “فاروق هۆمەر”ە. دەمێکە چیرۆک و وەرگێرانەکانی “هۆمەر” دەخوێنمەوە. بەزمانێکی نەرم و بێ لەنگی دەنووسێت. لەم ساڵانەی دوایدا، هەندێ تێکستی شانۆیی لە ئینگلزییەوە کرد بەکوردیی، وامدەزانی خۆی نووسیویەتی، هێندە زمانەکەی شیرین و بێ گرێ و بێ ئاڵۆزیی بوو.  بەڵام سلێمانییەکانی، لەهەموو بەرهەمەکانی تری، زیاتر هاتە ناو یادەوەریمەوە، چونکە ئەو لەڕێگەی دەیان کەسی هاوڕێ و هاوتەمەنی خۆی، هەوڵیداوە بۆ بە ئەدەبکردنیی شاری سلێمانی و بە “کارەکتەر”کردنی ئەو کەسانە، بەشێوەی وڕێنە و گێڕانەوەی خەیاڵدانی خۆی بۆ خوێنەران، بەتایبەتیش کارەکتەرەکانی وەک “پیرەمێرد، دارا حەمەسەعی پەیکەرتاش، بەکر عەلی شاعیر، کەریم عوسمانی شانۆکار، ئەریوانی  عومەر دەوڵەت، عوسمان چێوار” هێندەی تر، یارمەتی ئەو گێرانەوەی ئەون لەم چیرۆکانەدا، جگە لەچەند کارەکەتەرێکی تری وەک “عەتا محەمەد، ئەحمەد سالار، عەبدول و ڕزگار و نەوزادو ... چەندینی تر” کە ئەمانەش کارەکتەریی سەرەکی چیرۆکەکانی ئەون، بەڵام وەک تارماییەک، دێن و بەناو خەیاڵی خوێنەردا تیشک ئاسا دەڕۆن و ون دەبن.!


* یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی تری شێوازو ستایلی نووسینی هۆمەر، یاریکردنە بە هۆش و یادەوەریی خوێنەر. بە ئاستێ خوێنەر هەمیشە خەیاڵدان و هۆشی لەبەردەم ئەگەری داگیرکاریی و کۆنتڕۆڵ دایە. کاتێ خوێنەر لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانیی هۆمەر دەبێتەوە، هەست دەکات گێڕەرەوەیەک خەیاڵ و بیرەوەرییەکانی ئەوی نووسیووەتەوە، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، یادەوەریی‌و خەیاڵدانی دزراوەو چیرۆکنووسێ بە زمانێکی پڕ چێژ دەیگێڕێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن