پارتی دەستپێشخەرى دەکات و چاوەڕوانی وەڵامی یەکێتییە
02:26 - 17/05/2022
زەمەن_هەرێمى کوردستان
بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموكراتی
كوردستان ڕایگەیاند، پارتی لەگەڵ یەکێتی کۆدەبێتەوە و پرسی سەرۆک کۆمار و بەڕێوەچوونی
ھەڵبژاردنەکان و کۆکردنەوەی داھات تەوەری کۆبوونەوەکە دەبن.
سەعید سەلیم پشدهری، بەرپرسی
لقی ٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕى فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، " ھەموو
لایەنە سیاسیەکان بەرپرسن بەرامبەر بەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی ھاووڵاتیان و وڵاتەکەمان
دەبێتەوە، پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێت و بۆ جاری یەکەمیش نییە دەستپێشخەری دەکات بۆ
لایەنەکان و کردنەوەی ئەو گرێ کوێرانەی ڕەوشێکی چەق بەستووی ھێناوەتە ئاراوە، ھەروەھا
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی ڕابردوو بەسەرپەرشتی بارزانی بڕیاری دا جارێکی
دیکە دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەکان رابگەیەنێت".
دەشڵێت، "پێشنیازی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و ھەموو لایەنەکانە، واتە پارتی بڕیاری
داوە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆببێتەوە و لەوانەش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تا ھەموومان
لەسەر مێزی دانوستان کۆببینەوە و یەکگرتوو و کۆدەنگ بین لەسەر تێپەڕاندنی کێشەکانی
ئێستای ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، ھیوادارین ھەموو لایەنەکان ئامادەکاریان ھەبێت بۆ دەستپێشخەریەکەی
پارتی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،
"ئەو کێشانەی لە ئێستادا لەنێوان پارتی و یەکێتی هەن، دیارە ناکۆکی لەسەر پرسی
سەرۆک کۆمار و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و پرسی کۆکردنەوەی داھاتە نانەوتیەکان و چەندین
بابەتی دیکە ھەن، ئەوانیش قابیلی چارەسەرکردنن، ھیوادارین لە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوولا
بگەنە ئەنجامێک".