684 کەلتور

خاڵۆ مارف...د. مارف عومەرگوڵ

12:00 - 21/01/2022

بەختیار حەمەسور

 

ئەم حەفتەیە دوو جار بەفری سەربانم ڕاماڵیوە، سەربانەکەمان گڵە و ژیانی سێ کەس لەژێریدا لە مەترسیدان. بەفرماڵین، یەک لە کارە قورس و تاقەتپڕووکێنەکان، قەت نەمزانیوە بەفریش دەتوانێت لەگەڵ ئەو هەموو جوانیی و کپیی و ناسکییەیدا، ئەو هەموو ڕەنج و زەحمەتییەش هەڵگرێ. لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا چووم و دیوانەکەتم هێنا، بۆ یاد و بە یادت، چەند شیعرم، لێرەولەوێ، خوێندنەوە. پێشتر بەوردی ئەزموونەکەتم خوێندبووەوە، ئەمڕۆژانە وەک شتێک، کۆچە ناوادەکەت خستوومیەتیەوە سەر هەڵدانەوەی لاپەڕەکانت و هەر کارێک کە دەیکەم، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بە چڕی لەگەڵ "پێروو" سەرقاڵم، دێیتەوە یادم و بە خۆت جوانیی و خاکیی و بزەکەتەوە.


درەنگ تۆم ناسی، ئەوە داخێکە بۆخۆی، بەڵام قووڵ ناسیمیت و قووڵ خۆشم ویستی. بە هۆی "لاژە"وە، کە دەکاتە خوشکەزای تۆ و هاوڕێ و نزیک و خۆشەویستی من، ناسیمیت، لەو کاتەوە بۆ منیش بوویت بە "خاڵۆ مارف" و "گوڵ"ێکیش لە ناوەکەتدا، بۆنخۆشتر و گەشتر لە گشت گوڵێک. من سەرەتا وەک "خاڵۆ"یەک تۆم ناسیی، دواتریش وەک "شاعیر"ێک و پاشتریش وەک ئەکادیمیستێک، یەک یەک و ورد ورد، ئەم کەسایەتییە جیاوازانەم لە تۆدا ناسین و یەک یەک و ورد ورد خۆشم ویستن.
بیر لە دیدارەکانمان دەکەمەوە، چەند کەمیش بوون، چەندیش پڕ لە گفتوگۆ و نزیکی و گاڵتە و هاوکاتیش جددییات. بەر لە یەکەم دیدار، بە ماوەیەک، توانیم دوو لە دەفتەرە لە شیعرەکانت دەست بخەم و بخوێنمەوە، یەکەمیان ئەووەڵین کتێبت بوو کە چاپت کردبوو؛ "هێلانەی نغرۆ" ١٩٨٥، دووەمیش "شاییەکی نهێنی" ٢٠١٥. یەکەم بینین و دەستگوشینمان ڕێک سێ ساڵ لەمەوبەر بوو، لە کتێبفرۆشییەکە، لە ژێرزەمینەکە، رۆژێکی بەهاری، کە هەوا پڕ بوو لە پاکیی وەک ڕۆحت و جوانیی وەک هەستی شاعیرانەت. کە پێم گوتی دوو لە کتێبەشیعرییەکانتم خوێندوونەتەوە، دڵخۆشی و بریسکانەوەم لە چاوتدا بینین و یەکسەر پرسیت کە پێم چۆن بوون؟ منیش بە کورتی سەرنجی خۆمم پێ گوتی، گوتم کە حەزم لە لیرکی/غینائیی و بێخەشیی شیعرەکانت بووە و لەو دنیایەش کە لە سادەترین پەیڤ و دەربڕینەکان سازت کردوون و وشە لەسەر وشە هەڵت چنیون. پێکەنیت و پێکەنینەکەشت هەمان سادەیی و بێخەوشیی ناو شیعرەکانتی نەخشاند.


کە سەرەتای ٢٠٢١ "ئامادە: چرک!"م چاپ کرد، حەزم دەکرد تایبەت نوسخەت بۆ بنێرم، بەڵام ئەو ڕۆژانە تۆ لە هیچ جێیەکەوە نەبوویت و منیش ڕووم نەدەهات تەلەفۆنت بۆ بکەم. شەوێک درەنگ، لە هەولێرەوە، لە ماڵی چیرۆکنووسی گەورەمان؛ مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، تەلەفۆنت بۆ کردم، گوتت کە کتێبەکەمت خوێندووەتەوە و پێت خۆش بووە، نایشارمەوە کە چەند دڵخۆش بووم، سەرنجەکەشتم بیرە کە گوتت، دەکرێ ئەو سێ چیرۆکە پێکەوە وەک نۆڤلێتێک بخوێنرێتەوە و منیش تەنیا پێکەنیم، هەڵبەت بە نزمی.
کە کۆبەرهەمەکەت چاپ کرد، هاوینی ٢٠٢١، بەیانییەک هاتیت، من مانگ و ڕۆژەکانی کۆتاییم لە کتێبفرۆشییەکە بەڕێ دەکردن، لوتفت کردبوو، بە دەستی خۆت، نوسخەیەکت لە کۆکراوەی پێنج دیوان لە بەرگ و چاپێکی قەشەنگدا، بۆ هێنابووم، بۆت نووسیبووم و واژووەکەت هەمیشەییە. پاشان داوام لێ کردیت کە یەک دوو شیعرم بە دەنگی خۆت بۆ بخوێنیتەوە، داواکەمت بە نەرمەبزەیەکەوە قەبووڵ کرد. ئەوەی لە یادم ناچێتەوە و لە ڕۆژی کۆچەکەتەوە بۆ چەند هاوڕێم باس کردووە، ئەوەیە کە هەر شیعرێکت بۆ دەخوێندمەوە، سەرەتا چیرۆکی پشت شیعرەکەت بۆ باس دەکردم، جوانترین چیرۆکیش هیی ئەو شیعرەیان بوو کە باس لە چاوەڕوانی دەکات، ئەوەش ئاوابووە: شەوێک لە کییڤ، ئۆکرانیا، ئەو کاتەی لەوێ خوێندووتە، چاوەڕێی کچەهاوڕێیەکت بووی کە لە شارێکەوە بێت بۆ شارەکەی تۆ و بۆ شووقەکەت، تۆیش ئەو شەوە، کە بەفر بووە و سەرما، چوویت بۆ وێستگەی قەتار و چاوەڕێی کچەهاوڕێکەت کردووە لە قەتار دابەزێت، بەڵام ئەو بەر لە تۆ گەیشتووە و ڕاستەوخۆش چووە بۆ شووقەکەت، لەوێ، لە پیرەژنی خاوەنشووقە دەربارەی تۆ پرسیویەتی، ئەویش گوتوویەتی کە تۆ چوویت بۆ وێستگەی قەتار، پاشان کچەش بەرەو هەمان وێستگە بەڕێ کەوتووە و تۆیش پاش چاوەڕوانیی درێژ، ماندوو بوویت و گەڕاویتەتەوە شووقەکەت و پرسیارت لە پیرەژن کردووە و ئەویش باسی کچەکە و چوون بۆ وێستگەکەی بۆ کردوویت و تۆیش یەکسەر ڕۆیشتوویتەتەوە بۆ هەمان شوێن و... ئەو شەوە تا بەرەبەیان لەگەڵ کچەهاوڕێکەت دزاودز کەوتوون و لە بولێڵەدا، لەگەڵ کچەهاوڕێکەت، لە بەردەم شووقەکەت یەکتان گرتووەتەوە.
دوایدارمان، کە قەت نەمدەزانی دوادیدارە، کۆتایی ٢٠٢١ بوو، ٢٧ـی ١٢؛ من بە توێژینەوەیەک دەربارەی مێژووی چیرۆکی کوردیی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەدەب لە سلێمانی بەشداریم کردبوو، تۆیش هاتبوویت، دوای تەواوبوونی توێژینەوەکەم، لەگەڵ خوشکەزاکەت "لاژە" ڕاوەستابوویت، منت بینی و بە هەنگاوی هێواش، بەرەوڕووم هاتیت، منیش بە نەرمەڕاکردن بەرەوڕووت. دەستخۆشییەکەت دووبارە دڵخۆشیی کردم. دوای ئەو دیدارە کورت و خێرایە و بە ڕۆژێک، بۆ بەیانی، تۆ نەخۆش کەوتیت و برایتە نەخۆشخانە و ئیتر نەتمدیەوە و دیدارقیامەتت بووم.


لەگەڵ هاوڕێیەک هاتینە پرسەکەت، هەستم بە شکۆی ڕۆحت کرد لە هۆڵەکەدا، سەرم داخست و بێدەنگانە بۆت گریام.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن