434 عیراق

ئه‌مریكا دوو پارچه‌ شوێنه‌واری شارستانیه‌تی ئوری بۆ عێراق گه‌ڕانده‌وه‌

02:06 - 18/01/2022

"زەمەن"


وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: ئەمریکا، دوو پارچە شوێنەواری دەگمەن کە مێژووکەیان بۆ چوار ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا و سەردەمی شارستانیەتیی (ئور) دەگەڕێتەوە، رادەستی عێراق دەکاتەوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە ھەماھەنگیی و ھاوکاریی نووسینگەی لێکۆلێنەوەی نیشتمانیی ئەمریکا، دوو پارچە شوێنەوار کە مێژووکەیان بۆ چوار ھەزار بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، رادەستی کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری عێراق لە شاری لۆس ئه‌نجلس دەکرێنەوە.

ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە کە یەکێک لە پارچە شوێنەوارەکان، تابلۆیەکی بزمارییە و دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئور، ئەوەی دیکەیش بەشێکە لە نووسینێکی دەگمەنی بزماریی و دەگەڕێتەوە بۆ شاری دێرینی بابل و لە ھەموو جیھاندا، تەنھا ئەم دوو پارچە شوێنەوارە بوونیان ھەیە کە بۆ فێرکردن، بەکارھێنراون.

باسی لەوەش کردووە کە پارچە شوێنەوارەکان لە میانی ھەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بۆ راوەدوونانی ئەو کەسانەی کە بە یاسایی بارزگانیی بە شوێنەوارەکانی عێراقەوە دەکەن، دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە میانی رێوڕەسمێکدا لە ٢٠ی ئەم مانگە، پارچەکان رادەستی کۆنسولخانەی گشتیی عێراق لە شاری لۆس ئه‌نجلس دەکرێنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن