598 کەلتور

پۆستسکریپتوم!

11:43 - 17/12/2021

نووسین و وەرگێڕان لە رووسییەوە: شیروان مەحمود محەممەد


هەر پەرەسەندن و پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژیا کۆمەلێک شیعر دەکوژێت. هەر بەو مانایە نا کە هەندێک بۆچوون و شێوەبیرکردنەوەیەک کۆن دەبن و لە گەڵ سەردەمی نوێدا ناگونجێن، بەڵکو لە ڕووی ئەوەشەوە کە هەندێک لە وێنە شیعرییەکان لە کار دەکەون و وەک جۆرە مەتەڵێک دێنە بەرچاوی خۆینەری نەوەکانی داهاتوو، با شیعرەکەش وەک بابەت بەسەرنەچووبێت.

ئەم هۆنراوەیەی یوسێف برۆدسکی هۆنراوەیەکی یەکجار جوانە، بە لای منەوە و ڕەنگە بەلای ئەو کەسانەشەوە کە شارەزای تەلەفۆنەکانی جاران، بە تایبەتی تەلەفۆنەکانی سەرجادە بووبن، کە دەبووایە بڕێک پارەت تێکردایە، ئەوسا ژمارەکەت لێبدایە و چاوەڕێی وەڵامت بکردایە( ئەو جۆرە تەلەفۆنانە لای ئێمە هەر بڵاونەبوونەوە و نەبوون بە باو، دیارە شارەوانییەکان لە دڵیان گەڕابوو کە مۆبایل دادێت و بە پێویستیان نەزانیبوو ئەو زیادەمەسرەفییە بکەن!).

بۆ کەسێکیش پێش ساڵانی نەودەکان لە دایک نەبووبێت ئەستەنگە بزانێت مەبەست لە دیسکی کونکوونی تەلەفۆن، ئەو بەشەیە کە ژمارەکەی پێ لێدراوە! ئەستەنگە ئەو هەستەی تاقیکردبێتەوە کاتێک تەنیا یەک کیۆسکی تەلەفۆن لەو ناوەدا هەیە و تۆش پەلەتە، بەڵام کەسێک تەلەفۆنەکەی گرتووە و هەر نایبڕێتەوە و لە کیۆسکەکە نایەتە دەرەوە، یان کاتێک خۆت قسە دەکەیت و یەک دنیا شتت پێیە بیڵێیت، بەڵام کەسێک لە دەرەوە پەلەت لێدەکات، چونکە ئەویش دەیەوێت تەلەفۆن بکات. لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە پارەکەت تێدەکرد و وەڵامێک نەبوو، دەبووایە چاوەڕێت بکردایە، تا، برۆدسکی واتەنی، زایەڵەی تارماییەک وەڵامی دوا هاواری شەوانەی زووممیرەکەتی دەدایەوە یان نەدەدایەوە !

پۆستسکریپتۆم (١)
چەند جێی داخە، بوونی من،
ئەومانایەی نەبوو بۆ تۆ،
 کە بوونی تۆ بەخشییە من ...
بۆ چەندەمین جار لە چۆڵەوانییەکەی جاران، من
پارە مسیینە، دروشمدارەکەم (٢)
 فڕێ دەدەمەوە فەزای تێلە بەیەکچڕژاوەکاندا،
لە هەوڵێکی بێ ئومێدانەمدا،
بە دەست بێنم ساتێکی پێکشادبوونەوە 
بەڵام ... ئەفسوس!
 کەسێک، لە دەستی نەیەت هەموو دنیا بە خۆی بگۆڕێتەوە،
تەنیا ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە
 دیسکی کونکوونی تەلەفۆنێک،
وەک کورسی سیانسێکی ڕۆحی (٣)، بسوڕێنێ
تائەوکاتەی زایەڵەی تارماییەک،
وەڵامی دوا هاواری شەوانەی زووممیرەکەی (٤) دەداتەوە

پۆستسکریپتوم:

تێبینییەک، یان پاش نووسێنێک، کە لە دامێنی نامەیەکدا دەنووسرێت پاش ئەوەی نووسینی خودی نامەکە تەواوبووە. زۆر جار بە Ps!  کورت دەکرێتەوە
لەڕووسیای سەردەمی سۆڤێتیدا ئەو پارەیەی دەکرایە تەلەفۆنی سەرجادەکان دووکەپێیکی مسیینە بوو، واتە بە ڕۆبڵێک دەتتوانی پەنجا جار تەلەفۆن بکەیت!
سیانسی ڕۆحیی:

 ئەو جورە کۆبوونەوانەیە کە تیایدا گوایە ڕۆحیانەتی کۆچکردووان بانگهێشت دەکرێن بۆ وەڵامدانەوەی پرس و ڕەواندنەوەی نیگەرانی خۆشەویستانیان.
زووممیر:

پێکهاتەیەکی ئەلیکترۆنییە لە تەلەفۆندا بۆ گۆڕینی سیگناڵی کارەبایی بۆ سیگناڵێکی دەنگیی و بەهێزکردنی ئەو سیگناڵەی لێی دەدا تا ئەو ساتەی کەسێک لەوسەری هێڵەکەوە تەلەفۆنەکەی هەڵنەگرتایە  و وەڵامی نەدایەتەوە .

 زمار یان زومیرە:

ئەم وشەیە لە عەرەبیشەوە نزیکە و لە زمانە ئەوروپییەکاندا بە summer  و لەڕووسیدا بە زووممیر зуммур  دەنووسرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن