1585 کوردستان

لێدوانی نوێی حكومه‌ت له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌

05:36 - 15/12/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


لیژنەی باڵای بایۆمەتری كۆبووەوە و رایگه‌یاند، فەرمانبەرانی كەرتی شارستانی خاوە‌نی ژمارەی بێهاوتای كەسیین و بۆ‌ ھە‌موو مووچە‌خۆرانی تریش دروستدە‌كرێت.


ئەمرۆ چوارشەممە، قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری، بڕیاریدا دواكەوتوانی كەرتی سەربازی تۆماربكرێن و ژمارە‌ی بێھاوتای كە‌سی بۆ كە‌رتی سە‌ربازی و ھە‌موو موچە‌خۆران دروستبكرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک، لە‌كۆبوونەوە‌ی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری، كە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی و بەشداری وەزیری دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لە‌بارە‌ی چۆنییە‌تی بە‌رە‌وپێشچوونی كارە‌كانی قۆناغی دووە‌می بایۆمە‌تری كرا و چە‌ند بڕیارێكیش لە‌وبارە‌یە‌وە‌ دراون.

بلە‌بارە‌ی "ژمارەی بێهاوتای كەسی"یە‌وە‌، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئە‌وە‌ی ڕاگە‌یاندووە، چۆن لە ئێستادا فەرمانبەرانی كە‌رتی شارستانی حكومەتی ھە‌رێمی كوردستان خاوە‌نی "ژمارەی بێهاوتای كەسی"ین، كاریش بۆ كە‌رتی سە‌ربازی و ھە‌موو مووچە‌خۆرانی تر بكرێت بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ خاوە‌نی ھە‌مان ژمارە،‌ كە ژمارەیەكی تایبەتە‌ بە هەر مووچەخۆرێك،‌ هاوكار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران، كە یەكێكیان كردنەوەی هەژماری بانكییە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشكردنی مووچە بە ئەلكترۆنی بكرێت.

لەبارەی دابەشكردنی مووچە بە شێوازێكی ئەلكترۆنی و گونجاو، كۆبوونەوە بڕیاریدا لەسەر بنەمای داتاكانی بایۆمەتری كار بۆ ڕێكخستنی سیستەمێكی ئەلكترۆنی بكرێت، كە مووچەی پێ دابەشبكرێت، هاوکات تۆماركردنی چین و توێژە‌كان لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری-دا، كۆبوونە‌وە‌ بڕیاریدا ئە‌ندامانی سە‌ندیكای پارێزە‌رانیش تۆمار بكرێن و دواتر سە‌ندیكا و چین و توێژە‌كانی تریش كار بۆ تۆمار كردنیان بكرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پڕۆژە‌ی بایۆمە‌تری، قۆناغی یە‌كە‌می جێبە‌جێ كرا بە تۆماركردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە سیستەمێكی ناوەندی ئەلكترۆنیدا، لە‌ئێستادا لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری لە‌جێبە‌جێبكردنی قۆناغی دووە‌میدایە،‌ كە‌ ئە‌ركە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی دروستكردنی ژمارەی بێهاوتای كەسی و رێكخستنە‌وە‌ی پە‌یكە‌ری حكومە‌تی ھە‌رێم و دابە‌شكردنە‌وە‌ی میلاكاتە بەسەر دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی زانستیانەتر و دابە‌ش كردنی مووچە‌ بە‌ سیستە‌مێكی ئە‌لكترۆنی و نە‌ھێشتنی ڕۆتینە‌‌.

ژمارە‌ی بێھاوتای كە‌سی بریتییە‌ لە‌ ژمارە‌یە‌كی بێھاوتا (دووبارە‌نە‌بوو) بۆ ھە‌موو كە‌سێك، كە‌ لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری تۆمار كراوە‌ و دە‌بێتە‌ خاوە‌نی ئە‌م ژمارە‌یە‌، دواتریش ھاووڵاتی لە‌دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت بە‌و ژمارە‌یە‌ دە‌ناسرێتە‌وە‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن