بڕیاری دابەشكردنی 11 هەزار پارچە زەوی چووە بواری جێبەجێكردنەوە
07:28 - 14/12/2021
"زەمەن"
فەرمانێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی جێبەجێ دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی كانوونی یەكەمی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان كۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، ئامانجی كۆبونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر میكانیزم و چۆنیەتی بە خێرایی جێبەجێكردنی "فەرمانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان" بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی.
لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تاوتوێی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرا تاكو لە ماوەیەكی زوودا بخرێتە بواری جێبەجێكردن، ئاماژەبەوەشكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەلایەن هەردوو وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگیرێتەبەر و لە ماوەیەكی زوودا ئەو 11 هەزار پارچە زەوییە بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.