شاندێك لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە دەچێتە پەرلەمان
05:29 - 14/12/2021
"زەمەن"
لیژنەی وزه و سامانە سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی لەگه‌ڵ شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان كۆبووه‌وه، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە ژیانی هاوڵاتییان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١٢/١٤، لیژنەی وزه و سامانە سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی، بەسەرپەرشتیی عه‌لی حه‌مە ساڵح، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکاری لیژنەکە، له هۆڵی لیژنه له ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە پێکهاتبوو لە ئه‌حمه‌د ئیحسان فه‌قێ، بریکاری وەزارەت و ژماره‌یه‌ك له بەڕێوەبەره گشتیییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه كۆبووه‌وه.
بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا کێشە و کەمیی بەرهەمهێنان و گرانیی نرخی غاز تاووتوێ کرا و هەردوولا بەدواداچوون و دید و تێڕوانینه‌كانی خۆیان لەو بارەیه‌وە خستە ڕوو.
هەردوولا کۆکبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کە پێویستە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر ڕێكبخرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئه‌و کێشانە و گرانیی نرخی غاز و دانانی میکانیزمێک لەو بارەیه‌وە بۆ ساڵی ٢٠٢٢.