495 کوردستان

راپۆرتێك: ئەمساڵ نوێنەرانی سلێمانی پەرلەمانی عێراق تەنها 60 جار لە نووسینگەكەیان ئامادەبوون

03:47 - 14/12/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

راپۆرتێكی رێكخراوێكی ناوخۆیی ئاشكرای دەكات، لەماوەی ئەمساڵدا نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق وەك پێویست لە نووسینگەی سلێمانی ئامادەبوونیان نەبووە و تەنها 60 جار لەنووسینگە دەوامیان كردووە.

ئەمڕۆ رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان، راپۆرتی ساڵانەیان سەبارەت بە ئەدای نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە، ئارام كەمال، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەم راپۆرتە هەلسەنگاندن و بەدواداچوونی كاری نوێنەرانە و دەیانەوێت بزانن ئەو بەڵێنانەی كە پێشتر بە هاوڵاتیان درابوون و كێشەكانیش گەیشتوون بە كوێ، كێشەكە ئەوەیە بۆچی كێشەكان چارەسەر ناكرێن.

ناوبراو روونیكردەوە، كارەكانی پەرلەمانتارانی سلێمانی وەك پیویست نەبووە، ئایا چ كێشەیەك چارەسەر بوون، دیارترین گرفت خزمەتگوزارییەكانە و كێشەی مووچە و كۆچكردنی هاوڵاتیان، دەبوو بپرسن بۆچی هاوڵاتیان خۆپیشاندان دەكەن و بێزارن، بۆیە تەنانەت ئەگەر پەرلەمانی عێراقیش لەئاستی پێویستدا بوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدەكرا.

بەپێی ئەو راپۆرتە كە وێنەی بە "زەمەن" دراوە، نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە خولی سێیەم لە ماوەی كاركردنیان چەند رێگرییەك هاتۆتە بەردەمیان ئەوانیش "زاڵبوونی هەژموونی حیزب بەسەر دامەزراوەكاندا، خراپی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كاریگەری هەبووە لەسەر كارەكانی نوێنەران لە بەغداد". 

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە "ناكۆكییە سیاسییەكان كاریگەری هەبووە لەسەر لاوازكردنی رۆڵی نوێنەران لە بەغداد، نەبوونی پەیوەندییەكی پتەو و هەماهەنگ لەسەر ئاستی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنەكان، لە هەندێك پرسدا نوێنەران وەك یەك تیم نوێنەرایەتی پارێزگاكەیان نەكردووە".

لەشاری سلێمانی پەرلەمانی عێراق نووسینگەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە "نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی ئەمساڵیش لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان وەك پێویست ئامادە نەبوون، گرفتەكەئ ئەوەیە بەشێك لە نوێنەران، بوونی ئەو نووسینگانە بە گرنگ نازانن، لە كاتێكدا ئامانجی ئەم نووسینگانە بریتییە لە چالاككردنی رۆڵی نوێنەر و چاودێری بۆ ئەندامانی پەرلەمانی و نزیككردنەوەی هاوڵاتیان و پەرلەمان، دروستكردن و پتەوكردنی متمانەی نێوان دەنگدەر و نوێنەر".

هەروەها دەڵێت "بەداخەوە كاتێك سەیری خشتەی ئامادەبوونی نوێنەران لەو نووسینگەیە دەكرێت دەردەكەوێت ئامادەبوونیان وەك پیویست نییە، لە ماوەی ساڵەكەدا نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی تەنها 60 جار ئامادەبوون و چوار نوێنەریش لە ماوەی ساڵەكەدا هیچ ئامادەبوونێكدا لە نووسینگەكەدا نەبووە".

خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 10ی ساڵی 2018 دەستی پێكرد و دەبوایە تا ساڵێكی دیكە بەردەوام بوایە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی مانگی 11ی ساڵی 2019ەوە، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و مانگی 10ی ئەمساڵیش هەڵبژاردن كرا، پارێزگای سلێمانی لە خولی چوارەمدا خاوەنی 18 پەرلەمانتار بوو.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن