حكومهتی ههرێم زانیاری لهبارهی دابهشكردنی نهوت و بهنزینی 690 دیناری ئاشكرا دهكات
02:15 - 14/12/2021
زهمهن_ههرێمی
كوردستان
بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی
ئاشکرای كرد، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان
نەناردووە و یەک لیتر بەنزینشیان بە 650 دینار لە حکوومەتی عێراقی کڕیووە.
فەتاح ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی سامانە
سرووشتییەکان و سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنیی لە حکوومەتی عێراق لە
چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان
رایگەیاند: "دوای دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە مانگی ئابی ئەمساڵ، لەسەر
راسپاردەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان
راسپێردرا بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی بەنزین بکرێت، ئەویش لەڕێگەی کڕینی بەنزین لە
حکومەتی فیدراڵییەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و
وەزارەتی نەوتی عێراق دەبوو رۆژانە بڕی ملیۆنێك و 80 هەزار لیتر بەنزین هاوردەی
هەرێمی کوردستان بکرێت".
فەتاح رەحمان ئاماژەی بە وردەكاری رێكەوتنەكە دا و وتی:
"یەک لیتر بەنزینمان بە 650 دینار لە حکوومەتی عێراقی کڕی و لە رێگای سێ
کۆمپانیای تایبەتیشەوە پڕۆسەی گواستنەوەی بەنزینەکە بۆ پارێزگاکان جێبەجێدەکرێ،
نرخی گواستنەوەی بەنزینەکە و شایستەی بەنزینخانەکان نرخی کۆتایی ئەو بەنزینە
هاوردەکراوە دەگاتە 690 دینار بۆ هەر لیترێك، هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستانیش لەو
بەنزینە بێ بەش نەکراوە".
سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنی جەختی كردەوە، هەر
بڕە بەنزینێکی هاوردەکراو ئەگەر لە پشکنین دەرنەچوو یان بەپێی ستانداردەکان نەبوو،
رێگا نادەین هاوردە بکرێت.
بەرپرسەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتی دەكاتەوە،
حکوومەتی عێراق پابەندی ئەو بڕیار و رێککەوتنە نەبووە کە خۆیان دەریانکردووە،
وتیشی: " بۆ نموونە لە 1-10-2021 تاوەکو 23-10-2021 "یەک لیتر بەنزینیان
بۆ نەناردووین لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە پارەی پێویستمان بۆ خستبوونە سەر هەژماری بانکی
و کۆمپانیاکانی گواستنەوەش لە ئامادەباشی تەواودا بوون".
سەبارەت بە دابەشکردن و کڕینی نەوتی سپی، فەتاح رەحمان دەڵێت:
"ئەو رێککەوتنەی کە بۆ هاوردەکردنی بەنزین کرابوو، نەوتی سپیشی لەخۆگرتبوو،
بەپێی رێککەوتنەکە حکوومەتی عێراقی بڕیاردا بە نرخێکی بازرگانی نەوتەکە بە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت کە بۆ هەر لیترێک 400 دینارە، لەکاتیکدا ساڵانی
رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی 150 دینار نەوتی لە حکومەتی عێراقی وەرگرتووە".
هەروەها سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سووتەمەنی ئاشکراشی
دەکات هەرێمی کوردستان پێویستی بە 255 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.
ئاماژه بهوهشدهكات، "ساڵی رابردوو حکوومەتی عێراق 61
ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بە نرخی 150 دینار بۆ
هەر لیترێك، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنیش کراوە و پێشەکیش پارەکە
دابینکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی
کوردستان نەناردووە".