قوباد تاڵەبانی بڕیارێك سەبارەت بە ژنە كوژراوەكەی سلێمانی دەردەكات
11:32 - 14/12/2021
زەمەن- پشتیوان
جەمال
قوباد تاڵەبانی،
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بكوژانی ئەو ژنە بدۆزنەوە كە لە شاری سلێمانی تەرمەكەی
دۆزراوەتەوە.
ئاشتی عەبدوڵڵا،
بەرپرسی بەشی جێندەر لەنووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی
كوردستان رایگەیاندووە، قوباد تاڵەبانی، لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كە تەرمی
ئەو ژنەی رۆژی دووشەمە لەشاری سلێمانی دۆزراوەتەوە، بەبێ ناونیشان نەنێژرێت و بەدواداچوون
بكرێت بۆ دۆزینەوەی ناسنامەكەی و لەهەمانكاتدا بكوژانی بدۆزرێنەوە.
وتیشی، بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی
رێگەنادرێت هیچ ژنێک بێ ناو بەخاک بسپێردرێت.
هەر لەو بارەیەوە
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەو
تەرمە تائێستا لە پزیشكی دادی سلێمانییە و لە پشكنینەكان دەركەوتووە بە فیشەكێك
كوژراوە، بەڵام هیچ ناسنامەیەكی پێ نییە و نازانرێت خەڵكی كوێیە.
سەرلەبەیانی دوێنێ
تەرمی ئەو ژنە لەنزیك دەرگای هەواری زانكۆ لەنزیك زانكۆی ئەمەریكی دۆزرایەوە، بەپێی
یاسای دادوەریی، هەر تەرمێكی نەناسراو ماوەی دوو مانگ لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی
دەمێنێتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا كەسوكاری دیار نەبوون، ئەوا لەلایەن شارەوانییەوە
دەنێژرێت.