بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان: بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنین
09:06 - 13/12/2021
"زەمەن"
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی رایدەگەیەنێت بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنن.
پێش دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەو کردنەوەی بەشی تازە تەنها سێ نهۆمی نەخۆشخانەکە نەخۆشی تێدا ئەخەوێنرا، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکە لە ئێستادا شەش بەش واتە دوو ئەوەندەی جاران بەشەکانی نەخۆشی تێدا ئەخەوێنرێت.
د.پشدەر عەبدوڵا، وتی "لەداهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی تریشمان دەکرێتەوەو دەخرێتە خزمەت منداڵانی کوردستان، بەداخەوە لەگەڵ زیادبوونی توانای وەرگرتنی نەخۆش بۆ دوو ئەوەندە کارمەندمان نەک زیادی نەکردووە بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهۆی خانەنشین کردن و بەشێکیشیان بەهۆی گواستنەوەیان زۆر کەمی کردووە".
د.پشدەر عەبدوڵا، دەڵێت "ماوەیەکە کارمەندەکانمان زۆر هیلاکن و ماندوون بەهۆی لۆدێکی زۆری نەخۆش، بەهیچ شێوەیەک لەتوانایاندا نەماوە".
دەپرسێت "لەکام نەخۆشخانەی دونیادا هەیە یەک کارمەند فریای چارەسەری پانزە بۆ بیست نەخۆش بکەوێت لە کاتێکدا بەشێک لە کارمەندەکانمان تەمەنیان زۆرەو وەک پێویست توانای جارانیان نیە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ئاماژەبەوەشدەكات چەندینجار داوایان کردووە دامەزراندن بکرێتەوە بەتایبەت بۆ نەخۆشخانەکەی ئەوانە" بەڵام بەداخەوە نەیان کرد، لە ئێستادا لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکەمانە".
هیوادارە هەرچی زووترە کارمەندو پەرستاریان بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی خزمەتی شایستە پێشکەش بە منداڵانی کوردستان بکەین. دەشڵێت "بەڵێ بۆ بەهێزکردنی کەرتی گشتی تەندرووستی".