413 کوردستان

مه‌كگۆرك بۆ هه‌رێم: ده‌توانن پشت به‌ ئه‌مریكا ببه‌ستن

04:26 - 13/12/2021

"زه‌مه‌ن"


لە میانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، برێت مەكگورگ ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا لە كۆشكی سپی، دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش، دەتوانن پشتی پێ ببەستن.


لە كۆبوونەوەكەدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/12/13 لە هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی كاتی سەردانی مەكگورگی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عیراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرنگە. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.


لە كۆبوونەوەكەدا كە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق و كونسوڵی گشتییان لە هەولێر ئامادەی بوون، هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابووریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژیی عیراق ـ ئەمەریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كران.


هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی، هێشتا عیراق پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاریكاری و هەماهەنگیی هێز و لایەنە عیراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكوومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێك بهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیانی عیراق بێت و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزێت.


دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن