قایمقامی نوێی دەربەندیخان دەستبەكاربوو
03:39 - 13/12/2021
زەمەن_ پشتیوان جەمال
ئەمڕۆ قایمقامی نوێی قەزای دەربەندیخان لە پشكی
بزووتنەوەی گۆڕان دەستبەكار بوو.
سڵێمان محەمەد، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی
قایمقامی دەربەندیخان بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی لە پۆستەكەیدا
دەستبەكاربووه، بەڵام وەك گۆڕان پۆستی تازەیان پێنەدراوە، بەڵكو تەنها ئاڵوگۆڕی كەسەكانە،
چونكە پێشتریش ئەو پۆستە هەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بووە.
ناوبراو روونیكردەوە، ئامانجی لەوهرگرتنی ئهو
پۆستە تەنها خزمەتكردنە ئەوەی لە توانا و دەەسەڵاتیدا هەبێت دهیكات، پاشان كورسییەكەش
بە ئەمانەت دەزانێت و تا ئەو كاتەشی جێی دەهێڵێت خیانەتی لێنەكات.
لە كاتی رێككەوتنی خۆجێیی سلێمانی لەنێوان
بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 2014ەوە، پۆستی قایمقامی دەربەندیخان
پشكی گۆڕان بووە، سەرەتا ناسیح مەلا حەسەن ئەو پۆستەی وەرگرت، دوای خانەنیشنبوونی،
بەختیار عەبدولڕەحمان ناسراو بە بەختیار چاوشین بەوەكالەت لەو پۆستەدا بوو.