281 کوردستان

حكومەتى هەرێم: وەڵامى توندمان دەبێت و سکاڵاش تۆماردەکەین

11:34 - 13/12/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان


حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەڵامی توندی هەر سکاڵایەکی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی دەدەنەوە و سکاڵاش تۆماردەکه‌ن لەسەر ئەو زیانەی کە بەریان کەوتوە".


حکومەتی هەرێمی کوردستان  له‌وه‌ڵامی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەیاننامەكه‌ی گەنەڵ ئینێرجی دوای ئەوە دێت کە لەرێگەی نامەیەکەوە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە حكومه‌تی هه‌رێم کۆمپانیاکەی لە کۆتایی پێهێنانی گرێبەستەکانی لەو دو کیڵگەیە ئاگادارکردوەتەوە، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاندوه‌، كه‌ ناتوانێت ئەرکەکانی لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی لە کێڵگەی میران و بنەباوی بەجێبهێنێت".

باسى لەوەشکردووە، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ویستویەتی پاساو بۆ کۆتاییهێنانی گرێبەستەکانی بهێنێتەوە و بیانوی ئەوەی هێناوەته‌وه‌، کە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان نەبوە.

 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، "زۆر بەداخەوەیە کە کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی نەیتوانیوە پرۆپۆزەڵێکی باوەڕپێکراو بۆ پەرەپێدانی ئەو دو کێڵگەیە پێشکەش بکات، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە لە ماوەیەکی گونجاودا ئەو دو کێڵگەیە پەرەپێبدات".

له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژەى بەوەکردووە، بە توندی وەڵامی هەر سکاڵایەکی گەنەڵ ئینێرجی دەداتەوە و سکاڵاش تۆماردەکات لەسەر ئەو زیانەی کە بەری کەوتوە بەهۆی پابەندنەبونی کۆمپانیاكه‌ بە گرێبەستەکانییەوە.

رۆژى 10ی ئه‌م مانگه‌، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، ئەو سکاڵایەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماریانکردوە پەیوەندی هەیە بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەش لە هەردو کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و کۆمپانیاکەیان ئامادەیە هەردو گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لەبەرامبەریشدا داوای قەرەبو لە حکومەتی هەرێم دەکات، بەبێ ئەوەی بڕی ئەو قەرەبوە بخاتەڕو.


ئەوە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2017ـش سکاڵایەکی لە دادگای لەندەن بەرامبەر کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دۆڕاند، ئەوکات دادگای لەندەن حکومەتی هەرێمی ناچارکرد بە بەهای 2.24 ملیار دۆلار قەرەبوی کۆمپانیاکە بکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن