زانیاری نوێ سەبارەت بە تەندروستی پۆلیسە بریندارەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان
08:25 - 12/12/2021
زەمەن- پشتیوان جەمال
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، سێ لە بریندارانی هەفتەی رابردووی رووداوەكەی ناوچەی تانجەرۆ نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و تەنها یەك پۆلیس ماوە لە نەخۆشخانە كە فیشەك لە پشتیدا بووە و توانای جوڵەی نییە.
موقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، لە رووداوەكەی هەفتەی رابردوو كە ئەفسەرێكیان شەهید و چوار پۆلیسیشیان برینداربوون، دووانیان برینەكانیان سووك بووەو نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
وتیشی "دووانیشیان بریندارەكانیان قورسە، یەكێكیان نەخۆشخانەی جێهێشتووە، بەڵام ئەوەی دیكەیان فیشەك لە پشتیدا بوو دەریانهێناوە، بەڵام تائێستا توانای جوڵەی نییە و رەنگە بۆ چارەسەر ببرێتە دەرەوەی وڵات".
سەبارەت بە دەستگیرنەكردنی تۆمەتبارانی رووداوەكە، ناوبراو روونیكردەوە "تائێستا تۆمەتباران دەستگیرنەكراون و شوێنیان نادیارە، بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاریش لەلایەن پۆلیس و ئاسایش بەردەوامە، چونكە خودی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكات، ئایا لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵاتن ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، چونكە هێشتا بەڕەسمی هیچ رانەگەیەنراوە".
هەفتەی رابردوو مەفرەزەیەكی توندوتیژی ژنان لە سلێمانی لەناوچەی تانجەرۆ ویستیان داواكراوێك دەستگیر بكەن، بەڵام لەلایەن داواكراوەكە و كەسێكی نزیكییەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێكرا، سەرەنجام نەقیب محەمەد لەتیف، گیانی لەدەستدا و چوار پۆلیسی دیكەش برینداربوون.