761 جیهان

بەریتانیا.. هۆشداریی دەدرێت لە گیان لەدەستدانی ٧٥ ھەزار کەس بەھۆی ئۆمیکرۆنەوە

09:58 - 12/12/2021

زەمەن_جیهانى


شارەزایانی بەریتانی ھۆشداریی ئەوەیان دا کە ئەگەر رێککاری پێویست لە بەردەم گۆڕای ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ نەگیرێتەبەر ئەوا لەوانەیە ٢٠ ھەزار تا ٧٥ ھەزار کەس لەم وڵاتەدا بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەستبدەن.


زانایانی فێرگەی پزیشکی لەندەن رایانگەیاند کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کە بۆ یەکەمین جار لە ئەفریقیا دەست نیشان کرا، لەوانەیە تا کۆتایی ئەم مانگە ببێتە گۆڕاوی باڵادەستی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

زانایان لە چوارچێوەی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بەدەستکەوتوون و بەپێی گرتنەبەری یان نەگرتنەبەری رێکاری پێویست و گیانلەدەستدان و پێشوازیکردنی نەخۆشی لە ماوەی نێوان ١ی کانوونی یەکەم تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٢، پێشبینیان خستووەتەڕوو.

بەم پێیە، لە ئەگەری نەگرتنەبەری رێککاری زیاتر و پێدانی ژەمە ڤاکسینی دژی ئۆمیکرۆن ئەوا لە باشترین سیناریۆدا، لەوانەیە پێشوازیی لە ١٧٥ ھەزار نەخۆش بکرێت و ٢٤ ھەزار و ٧٠٠ کەسیش گیانلەدەست بدەن.

ھاوکات لە ئەگەری نەگرتنەبەری ھیچ رێکارێکی پێویست و کاریگەری کەمی ژەمە ڤاکسینەکان، ئەوا لە خراپترین سیناریۆدا لەوانەیە پێشوازیی لە ٤٩٢ ھەزار نەخۆش بکرێت و ٧٤ ھەزار و ٨٠٠ کەسیش بەم ھۆیەوە گیانلەدەست بدەن.

بەڵام لە ئەگەری گرتنەبەری رێککاری پێویست و سنوودارکردنی شوێنە داخراوەکان و داخستنی شوێنەکانی کاتبەسەربردن ئەوا پێشبینی دەکرێت پێشوازیی لە ١٢٠ ھەزار نەخۆش بکرێت و ژمارەی ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن دابەزێت بۆ ١٧ ھەزار کەس.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن