914 کوردستان

لەبارەی تابلۆكەوە وەزیری كشتوكاڵ وەڵامی جەمیل هەورامی دایەوە

07:51 - 11/12/2021

"زەمەن"

 


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ، لەبارەی بە بەرپرسیار دانانی وەزارەتەكەی لە وشكبوونی درەختەكانی رێگای هەڵەبجە_ هەورامان، وەڵامی جەمیل هەورامی دایەوە.


جەمیل هەورامی لەڕێگەی هەندێ پەیجی سۆشیال میدیا و والی خۆیدا تابلۆیەکی هەڵواسراوی لە ناو دارستانێکدا بڵاوکردۆتەوە، کە ووشکبوونی دارەکانی پرۆژەکەی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگاری هەڵەبجە.

 

لەسەر دانانی تابلۆكە، وەزیری كشتوكاڵ لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی جەمیل هەورامی داوەتەوە و چەندین داتای لەبارەی دارستانی ناوچەكەوە خستوەتەڕوو.

دەقی رونكردنەوەكە:


بەبەڵگە وەڵامی جەمیل هەورامی دەدەینەوە سەبارەت بەو تابلۆیەی کە لەناو دارستانەکە لە ڕێگای هەورامان دایناوە.
رونکردنەوەیەک بۆ رایگشتی و خەڵکی ئازیزی ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە ..

بەڕێز جەمیل هەورامی لەڕێگەی هەندێ پەیجی سۆشیال میدیا و والی خۆیدا تابلۆیەکی هەڵواسراوی لە ناو دارستانێکدا بڵاوکردۆتەوە، کە ووشکبوونی دارەکانی پرۆژەکەی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگاری هەڵەبجە.بۆیە بە پێویستی دەزانین کە ئەم راستیانەی خوارەوە بخەینە روو ..

سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان و ب.گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەئەرکی خۆی زانیوە ،کە پارێزگاری لە دارستان و باخەکان بکات و پاڵپشتی لە هەموو پرۆژە و هەوڵێک کراوە لەپێناو فراوانکردنی رێژەی سەوزایی و گرنگیدان بە ژینگەی کوردستان و ئەو ناوچەیە،وە هەمیشە وەزارەتمان هەماهەنگ و دەست پێشخەربووە لەگەڵ هەموو لایەن و دامەزراوەیەکی ژینگەدۆست . 


 لەماوەی چەندین ساڵی رابردوو سەرباری نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست و کاریگەری ووشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان ئەم هاوکاریانە پێشکەشکراون ،
کاک جەمیل هەوارمی خۆشی بەشداربووە و لەهەموو کەس باشتر ئاگاداری هەوڵەکانی وەزارەتە کەچۆن هاوکاری پێشکەشکراوە بەم شێوەیە :

بڕگەی یەکەم :
1/ بۆ حەوت ساڵ دەچێ، کە ساڵانە (٤۰۰۰ )دار کە بەشی زۆری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستانی سلێمانیەوە بۆ ئەم ناوچەیە تەرخان کراوە بێ بەرامبەر.

2/ (٨۰۰) نەمامیش لەسەر ڕێگەی خورماڵ، بیارە لەلایەن هۆبەی دارستانی خورماڵ دابین کراوە.
3/( ٤۰۰۰) نەمامی تر، کە لەسەر ڕێگای دەرەشیش خەرپانی نێژراوە، نەمامەکانی لەلایەن ب. دارستانی سلێمانی دابینکراوە .

4/ هەروەها لە ساڵی٢٠١٩— ٢٠٢٠ ( ٧،٠٠٠) نەمامی داری توو دابین کراوە.

5/ لە ساڵی٢٠٢٠— ٢٠٢١ (٥،٠٠٠ )نەمامی داری توو دابین کراوە ،لە لایەن هەر دوو نەمامگەی سەرچنار و سیروان.
بڕگەی دووەم / ناشتن و رواندنی هەموو دارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجەو بەڕێوەبەرایەتی باخداری هەڵەبجە و هۆبەی دارستانی خورماڵ و بیارە و تەوێڵە بووە بە هەڵمەتێک لەلایەن سەرجەم فەرمانبەران و کرێکاران ئەنجامدراوە و سەرجەم دیۆکۆمێنتەکان هاوپێچ دەکەین.

بڕگەی سێیەم / دابینکردنی تانکەری ئاو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ کە بەدرێژای ئەو ساڵانە ئاودانی ئەو چوار هەزار نەمامە و نەمامەکانی تر دەکات، جگە لە ئاودانی نەمامەکان ( هەلپاچین و دەرمانکردن و پارێزگاریکردن) و هەموو پێداویستی سوتەمەنی و رۆنی تانکەری ئاو لەلایەن ب.گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە دابینکراوە.

بڕگەی چوارەم/ سەرەرای پێدانی مۆڵەتی بیر بۆ پرۆژەکە، بەڕێزیان داوا دەکەن کە کولفەی تێچوونی بیرەکەش لەئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێ ،بۆ ئەم مەبەستە ئێمە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکان، بەڵام تا ئێستاش وەڵامی نوسراوەکە نەگەڕاوەتەوە و موافەقەتی لەوەزارەتی دارایی تەواو نەبووە.

بڕگەی پێنجەم/ بەڕێزیان بۆ سەوزکردنی سروشتی ناوچەکە داواکاری ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بۆ ئەوەی ئێمە هاوکاری بین، ئێمەش داواکاریەکەمان رەتنەکردۆتەوە، بەپێی توانا لەو دۆخە دارایەی کە وەزارەتی تێدایە پاڵپشتیمان کردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بەرۆڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بکات خۆی دەکاتە خاوەنی پرۆژەکە، لەکاتێکدا هەموو ئەم هەنگاوانە لەسەر ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکە.


بۆ ئەم مەبەستە هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە ،کە پارێزگاری کردن لە نەمامەکانی ئەو ناوچەیە و هەموو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، بەپێی ئەو توانا دارایەی کە لەبەردەست ماندایە بۆ پارێزگاری و پەرەپێدان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی دارستانەکان لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بن.بۆیە حەقی خۆشمانە کە راستیەکان وەکو خۆی بۆ رایگشتی و خەڵکی ئازیزی هەورامان و هەڵەبجە بخەینە ڕوو .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن