راپرسییەك: 84%ی ژنانی سەركردە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە
04:03 - 11/12/2021
زەمەن_پشتیوان جەمال
ئەكادیمیای عێراق بۆ ژنانی سەركردە بەبۆنەی 16ی
نۆڤەمبەر دوو هەفتە چالاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راپرسییەكیان لەنێو
ژنانی خاوەن پێگەی دەسەڵات و پەرلەمانتاران كردووە بۆ زانینی ئەو توندوتیژییانەی
رووبەڕوویان دەبێتەوە و دەركەوتووە 84%ی ژنانی سەركردە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
بەپێی ئەو راپرسییە كە وێنەیهكی دەست "زەمەن" كەوتووە، ژمارەی ئەو ژنە سەركردانەی كە
راپرسییەكەیان پڕكردۆتەوە 76 ژن بوون و تەمەنیان لە 25 تا 60 ساڵیدایە، ئەنجامەكانی
بەم شێوەیەیە (52.8% وتویانە توندوتیژییەكان رێگر دەبن لە كارەكانیان، 33,3% دەڵێن
تاڕادەیەك رێگرە، بەڵام بەردەوامیان ئەركیان قورستر دەكات، 50%ی بەتوانا و لێهاتوویی
و 49% وتویانە بەمتمانە بەخۆبوون دەتوانن ببنە سەركردەیەكی سەركەوتوو".
هەر بەپێی راپرسیەكە "98.7% ئامادەن لە ئێستا
و داهاتوودا پشتگیری و پاڵپشتی ژنان بین بۆ بوون بە سەركردە، 82.9% ئامادەییان تێدایە
بۆ پاڵپشتی لە ژنانی دیكە، 84.2% رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، 64%ی توندوتیژییەكان
دەروونی و هەراسانكردنی ئەلكترۆنییە".
هەروەها 55.3%ی ژنانی سەركردە لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی
ئەم توندوتیژییانە خۆیان رووبەڕووی بووونەتەوە، بەڵام تەنها 18.4%ی سكاڵایان كردووە،
9.2% سكاڵاكانیان چارەسەر نەبووە و رێگری دروستكردووە، 14.5% یشیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
لەو بارەیەوە ئەشواق نەجیب، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكان
لە ئەكادیمیای ژنانی سەركردە بە "زەمەن"ی راگەیاند، بۆ راپرسییەكەیان سەردانی
زۆربەی پەرلەمانتار و رێكخراوەكان و ئەوانەشی خاوەنكاری سەربەخۆن كردووە، زۆربەی
توندوتیژییەكان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە كراون، زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر پەرلەمانتاران
كراوە و كەمترینیان سكاڵایان كردووە، بەڵام زۆرینەیان بێدەنگییان كردووە كە ئەوەش
جێی مەترسییە، بەڵام بەوتەی خۆیان بۆیە بێدەنگییان كردووە لەبەرئەوەی هەم پاڵپشتییان
نەبووە و هەمیش دەبێت دوو شاهید هەبێت كە ئاگایان لە توندوتیژییەكە بووە.
ناوبراو روونیكردەوە، دیارترین توندوتیژی بەرامبەر
پەرلەمانتاران ئەوە بووە بۆ نموونە لە سۆشیاڵ میدیا، نامەی هەڕەشەیان بۆ رۆیشتووە،
یان دوای كۆنگرەی رۆژنامەگەری زۆرترین نووسینی نابەجێیان بۆ نووسیون.
هەر لەو بارەیەوە دڵسۆز زەنگەنە، چالاكوانی
ژنان بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەگەر ئەو ژنانەی كە خاوەن پێگەن رووبەڕووی
توندوتیژی ببنەوە، كەواتە دەبێت حاڵی ئەوانە چۆن بێت كە پێگەیان نییە، بۆیە ئەو
راپرسیە جێی هەڵوێستەیە و حاڵەتێكی مەترسیدایە و مانای تێنەگەیشتنی كۆمەڵگەیە بەرامبەر
ژنانی سەركردە.