998 جیهان

ئه‌ردۆغان: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوونەتە ھەڕەشەی سەرەکی بۆسەر دیموکراسی

02:27 - 11/12/2021

"زه‌مه‌ن"

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، باسی لەوە کرد کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیاندا ھێمایەک بوون بۆ ئازادی بەڵام لەئێستادا بوونەتە یەکێک لە ھەڕەشە سەرەکییەکان بۆسەر دیموکراسی.

ئەردۆ‌غان لەڕێی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە لوتکەی پەیوەندییە ستراتیجییە نێودەوڵەتییەکان (Stratcom Summit ‘٢١) کرد کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە رێکخرابوو.

سەرکۆماری تورکیا لە میانەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیدا، ئامێرە دیجیتاڵییەکان کاریگەری قوڵییان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست کردوە و رایگەیاند: "لەم قۆناغەدا رۆژ بە رۆژ گرنگی ستراتیجی پەیوەندییەکان زیاد دەکات. بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوبوونەوەی خێرای درۆ، ھەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری دەبینین.

ئه‌ردۆغان، وتیشی "ئەو ھەواڵانەی بەبێ تێپەڕبوون بە ھیچ فلتەرێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، بوونەتە ھۆی تێکدانی ژیانی ملیۆنان کەس. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیاندا ھێمایەک بوون بۆ ئازادی بەڵام لەئێستادا بوونەتە یەکێک لە ھەڕەشە سەرەکییەکان بۆسەر دیموکراسی".

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لە بەرامبەر فاشیزمی دیجیتاڵی و لێشاوی ھەواڵی ناڕاستدا وڵاتانی وەک ئێمەش کە خاوەن دیموکراسییەکی بەھێزین، بەھۆشیارییەوە مامەڵە دەکەین".


ئەردۆغان، ئەوەشی دووپات کردەوە کە ھەر کۆمپانیایەک پێشێلکاری بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، وتیشی: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھیچ کۆمپانیایەک لە سەرو یاساوە نابێت، جا ھێزی دارایی و پێگەی نێودەوڵەتیی ھەرچییەک بێت، وێڕای ئەو تۆڕە جیھانییانەی خۆیان زۆر بە بەربڵاو دەبینن، خەباتمان لە پێناو دروست کردنی پەیوەندی پاک و ئاشکرادا بەپێداگرییەوە بەردەوام دەبێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن