521 کوردستان

وەزارەتى گواستنه‌وه‌: 8 كه‌یسمان بردوه‌ته‌وه‌ و 6 بلیۆن دینارمان بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی گه‌ڕانده‌وه‌

06:57 - 10/12/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەکۆی 15 کەیس لە دادگادا، 8 لەو کەیسانە لەبەرژەوەندی وەزارەت تەواو بووە و نزیکەی 6 بلیۆن دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە.


له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، "نزیکەی 6 بلیۆن دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، تەنها لەهەفتەی ڕابردودا، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن  کەیسێکی یاسایی بردۆتەوە بە گوژمەی 2.3 بلێون دینار کە دەبێت بەم زووانە بگەرێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی".  

دەقى راگەیەنراوەکە:  

تەنها لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 49 کۆمپانیا بەپێی یاسا ئاگادارکراونەتەوە  پابەندی پێدانی لایەنی دارایی بن.  
15  لەم کۆمپانیایانە دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراون.  
21 کۆمپانیاش  قەرزەکانیان داوە بە خەزێنەی گشتی.  

لەکۆی 15 کەیس لە دادگادا، 8 لەو کەیسانەی لەبەرژەوەندی وەزارەت تەواو بووە، وە نوێنەرە یاساییەکانمان  بەردەوامن و کار لەسەر کەیسەکانی تریش دەکەن.  

نزیکەی 6 بلیۆن دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، تەنها لەهەفتەی ڕابردودا، وەزارتی گواستنەوەو گەیاندن  کەیسێکی یاسایی بردۆتەوە بە گوژمەی 2.3 بلێون دینار کە دەبێت بەم زووانە بگەرێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.  

3 کۆمپانیا هەڵوەشێنراوتەوەو کۆتایی بە گرێبەستەکانیان هاتووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەکان.  

گڕێبەستەکانی خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت بۆ دامەزراوەکانی حکومەت پێداچوونەوەی پێداکراوە و تێچووی کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەیی 2 بلیۆن دینار لە ساڵێکدا، توانای ئنتەرنێت زیادکراوە بەڕێژەی 40٪، وە گەرەنتی کراوە کە تەواوی پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتەوە خاوەنداریەتی بکرێت لەدوای بەکۆتا هاتنی گرێبەستەکە.  

پێداچوونەوەی یاسایی بۆ دۆسیەی 5,112 فەرمانبەر کراوە لە وەزارەت، دۆخی کارگێریان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی چاکسازی رێکخراوەتەوە، دەرەنجام 50,748,750 دینار مانگانە بۆ خەزێنە گەڕێنڕاوەتەوە.  

22 گرێبەست لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی پێداچوونەوەی بۆ کراوە، 12 گرێبەست کۆتایی پێهێنراوە بەپێی یاسا، وە 10 گرێبەست هەموارکراوەتەوە، بەمەش قەبارەیەکی دارایی گەورە بۆ خەزێنەوەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.  

کۆمەڵێک چاکسازی تر لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و وەزارەتەکانی تر کاری لەسەر دەکرێت کە ناتوانرێت لێرەدا هەمووی ئاماژەی پێ بدرێت، بەڵام کاری جددی و بەردەوامیان لەسەر دەکرێت.  

بەبێ پاڵپشتی بەردەوامی رێزدار جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کاک مەسرور بارزانی و ستافەکەی، وە هەماهەنگی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وە تەواوی ئەندامانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەک تیم، ئەو دەستکەوتانە نایەتەدی.  

بەدڵنیاییەوە، دەبێت ئاماژە بدەم بە دڵسۆزی و لێهاتوویی و توانای فەرمانبەرانمان لە بەشی یاسایی و بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان و ستافەکانیان، وە هەوڵ و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنم، زۆر سوپاس بۆ هەموولایەک، وە ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن لەپێناو بەرەوپێشچوون وبونیاتنان بەرەو  کوردستانێکی بەهێزتر.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن