476 عیراق

ده‌قی راگه‌یه‌نراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ کۆتاییهاتنی رۆڵی شەڕکەری هێزەکانیان لە عێراق

09:49 - 10/12/2021

زه‌مه‌ن - عێراقی

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەفەرمی کۆتاییهاتنی رۆڵی هێزه‌ شەڕکەره‌كانی لە عێراق راگەیاند و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانیی کردنی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە بەرامبەر هەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دا.

هاوپەیمانییەکە کە لە لایەن ئەمریکاوە رابەرایەتی دەکرێت، لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە "ئەمڕۆ کۆتایی بە ئەرکی  هێزە شه‌ڕكه‌ره‌كانی بۆ هێزی ناشەڕکەر هات، ئەمەش بەر لەو وادەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو لە کۆتایی ئەمساڵدا".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەرکی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان بریتیی دەبێت لە پێشکەشکردنی راوێژ و یارمەتیی و پەرەپێدان بە تواناکانی هێزە عێراقییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، جۆن برێنن، رایگەیاندووە: "ئێمە دڵنیاین کە بەرهەمی هاوبه‌شی بەهێزمان دڵنیایی دەدات لەوەی کە داعش خۆی پێک نەهێنێتەوە و نەبێتە هەڕەشە لەسەر گەلی عێراق".

جۆن برێنن راشیگەیاندووە: "لەم قۆناغە نوێیەدا، هاوبەشیی گۆڕاومان لەگەڵ عێراق هێما بۆ پێویستی ئاگایی به‌رده‌وام دەکات".

برێنن گوتوویەتی: "داعش شکستی پێ هێنرا، بەڵام کۆتایی نەهاتووە و ئێمە راوێژ و هاوکاری هێزە هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گەلی عێراق بکەن".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هێزانەی هاوپەیمانان کە لە عێراقدا دەمێننەوە (بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان دیاریی کرابێت) هیچ رۆڵێکی شەڕکەریان نابێت، بەڵام مافی سرووشتیی بەرگریی لەخۆکردنیان دەبێت".

ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێزە عێراقییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکانی عێراق دەپارێزن.

لە ٢٦ی تەمووزی رابردوو بەغدا و واشنتۆن رێکەوتن لەسەر کشانەوەی سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن