455 کوردستان

دەستەی دەستپاکی: ٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت

08:59 - 09/12/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

 

- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند، "٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت و ئەمساڵ ١٣٦ کەیسی سزایی رەوانەی دادگاکان کراون و چوونەتە قۆناغی دادگاییکردن پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا تەواو کراوە".


دیداری ستراتیجیی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە هۆڵی هۆتێل رۆتانا لە هەولێر بەڕێوەچوو، دیدارەکە لەلایەن دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی "UNDP" رێکخرابوو و تیایدا ئاماری ساڵێکی کەیسەکانی گەندەڵی و هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.

لە میانی دیدارەکەدا، ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی کەیسەکانی گەندەڵی لای دەستەکەیان رایگەیاند "ئەمساڵ ١٢١ زانیاری تۆمارکراوە لە داوای هەواڵدەری ١٤٧ داوا تۆمارکراوە کە ئێستا لەگەڵ خولاوی ساڵانی رابردوو ٢٤٥ داوای هەواڵگریمان هەیە، داوای هەواڵدەری ئەو کەیسانەن کە دەستەی دەستپاکی خۆی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بخرێتە بەردەم دادوەرانی دەستپاکی لە دادگاکانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی".

وتیشی: "ئەمساڵ ٤٤٥ داوای سزایی تۆمارکراوە کە ئەمە ژمارەیەکی زۆرترە لەچاو ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ داوا خولاوەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستا ٥٦٠ داوای سزایی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، بەمەش بە هەموو داوا سزایی و هەوڵدەرییەکان کە ٥٦٠ داوای سزایی و ٢٤٥ داوای هەواڵدەرین، ٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لە هەردوو قۆناغی هەواڵدەری و سزایی ئێستا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "کۆی کەیسەکانی کە ئەمساڵ رەوانەی دادگاکان کراون ١٣٦ کەیسی سزایی ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی دادگاییکردن پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا تەواو کراوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "دەبارەی کاروچالاکییەکانی فەرمانگەی یاسایی، ئەمساڵ ٩٤ داوای سزایی لە دادگاکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و ١٢٣ کەیسی دیکەشیان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغی دادگاییکردندان کە ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەیسانەی یەکلا دەبنەوە باشتر دەبێت، چونکە ساڵی رابردوو بەهۆی دۆخی کۆرۆنا بە ساڵێکی نائاساییدا تێپەڕین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن