1212 تەندروستی

تورەکە بچووکەکانی کۆئەندامی هەناسە لە منداڵی ساوادا چییە؟

10:22 - 08/12/2021

زەمەن-تەندروستی

BRONCHIOLITIS بریتیە لەهەوکردنی تورەکە بچووکەکانی کۆئەندامی هەناسە(سیەکان) لەمنداڵی بچووکتر لە دوو ساڵ بەهۆی ڤایرۆسەوە.

 

ئەم هەوکردنە بەزۆری لە وەرزی زستاندا ڕووئەدات،یەکەمجار نیشانەکانی لە شێوەی پەتای هەڵامەتدا ئەبن،وەکو لووت گیران و لووت تەڕی و نەرمە تاو وکۆکە بۆ چەند ڕۆژێک بەڵام دواتر نیشانەکانی ئەگۆڕێت بۆ خیزەی سنگ و کۆکەی تووندو هەندێکجار هەناسەدان بەتووندی.

ماوەی نەخۆشیەکە دوو هەفتە بۆ سێ هەفتە ئەبێت.

 

چ کاتێک پێویست ئەکات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێبکەیت:

 
١-ئەگەر منداڵەکە بچووکتر بوو لە شەش هەفتە.
٢-ئەگەر منداڵەکە بە نەبەکامی لەدایک بووبوو،یان نەخۆشی سیەکان یان دڵی هەبوو.
٣-ئەگەر بە گوێچەکەو بەبێ بەکارهێنانی سەماعە خیزەی سنگەکەی بیسترا.
٤-ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرا بوو.
٥-ئەگەر بە ناڕەحەت هەناسەی بۆ درا.
٦-ئەگەر هەستکرا زۆر نەخۆشە.
٧-ئەگەر شیری بەباشی بۆ نەخورایەوە یان ئەو منداڵانەی خواردن ئەخۆن باش بۆیان نەخورا.
٨-ئەگەر ڕشانەوەی لەگەڵدا بوو.
٩-ئەگەر شین بوونەوەی پێستی هەبوو بەتایبەت لێو و نینۆک و سەرەپەنجەکانی.

زۆربەی کات بۆ دیاری کردنی نەخۆشیەکە پێویست بە ئەشیعەو فەحسی تاقیگەیی ناکات،تەنها لەهەندێک حاڵەتدا نەبێت کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بڕیاری لێ ئەدات.

بەهیج شێوەیەک پێویست بەبەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا ناکات چونکە هەوکردنەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە.

بەداخەوە ئەو دەرمانانەی کە لەوێنەکەدان لەلایەن کەسێکەوە بۆ منداڵێک نووسراوە کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان نیە بۆ منداڵێک کەتەمەنی سێ مانگەو تووشی ئەو هەوکردنە بووە.

بەداخەوە دوو دەرمانی دژە بەکتریای تێدایە کە بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات بۆ چارەسەر کردنی ئەو نەخۆشیە،تەنانەت یەکێکیان بە شێوەی ڤیاڵەو تەنها بۆ هەوکردنی قوڕس بەهۆی بەکتریاوە بەکاردێت.

تکایە ڕێگە مەدەن منداڵەکانتان جگە لە پزیشکی پسۆڕی منداڵان چارەسەری نەخۆشیەکەی بکات،چەندین منداڵ ژیانیان کەوتۆتە مەترسیەوە بەهۆی ئەوەی جگە لە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەرمانی ناپێویست و خراپی بۆ نووسراوە.

د.پشدەر عەبدوڵا ئسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و گەشەی منداڵان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن