1290 تەندروستی

بلۆقی ئێسکی بنی پەنجە گەورەی پێ چییە؟

01:37 - 06/12/2021

زەمەن-تەندروستی
ئەم حاڵەتە بە ئینگلیزی پێدەوترێت (bunion)، کە بریتییە لە بوونی بلۆقێکی ئێسک لە بنی پەنجە گەورەی پێ، لەو جومگەیەدا کەپەنجە گەورە دەبەستێتەوە بە ئێسکی پێوە وە (MTp joint )، ووردە ووردە دروست دەبێت و گەورە دەبێت بەشێوەیەک پەنجە گەورەی پێ بەرەو ناوەوە دەبات .


نیشانەکانی : 
سەرەکیترین نیشانەکانی، بوونی بلۆقێکی ئێسکە لە جومگەکەدا، ھەندێک جار ئازاری ھەیە، ئاوسان، سوربوونەوە، ھەندێک جار وادەکات نەتوانیت پەنجەکانی پێت بجوڵێنیت بەتایبەتی پەنجە گەورە ..

ھۆکارەکانی :
ھەر هۆکارێک ببێتە هۆی ئاوسانی جومگەکە و گەورە بوونی، دەبێتە ھۆی دروست بوونی بلۆقی ئێسکی، وەکو نەخۆشی ڕۆماتیزمی جومگەکان (rheumatoid arthrites )، پێڵاوی تەسک و نەگونجاو ، ھەندێ کەس تەنیا بەھۆی شێوەی پێ یان واھەڵکەووتووە .


- بونیەن لە تەمەنی ھەرزەکاری(Adolescent bunion )
بریتییە لە بوونی ئەم حاڵەتە کەزیاتر لە کچی تەمەن ١٠-١٥ ساڵ ڕوودەدات ، ھەندێ جاریش لەوانەیە کوڕان توشیان بێت ، پزیشکەکان دڵنیا نین بۆچی کچان زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن ، بەڵام ھەندێک دەڵێن ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی جۆری پێڵاو لەو تەمەنەدا ، لەم تەمەنەدا بوونی بونێۆن ڕێگری ناکات لە جوڵاندنی پەنجە گەورە وەکو چۆن لەگەورەدا ڕووئەدات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری ھەیە ، لە کوڕاندا زیاتر بەھۆکاری بۆماوەیی ڕووئەدات ، وەک لە ھۆکاری نەخۆشی .

- بونێۆنی بەرگدرووەکان (tailoers bunion ): 
لەم حاڵەتەدا زیاتر ئەو جومگەیە دەگرێتەوە کە پەنجە بچووکی پێ ئەبەستێتەوە بە ئێسکی پێ وە ، وەزیاتر بەرگدرووەکان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن بە ھۆی شێوازی دانیشتنیان بۆ ماوەیەکی زۆر کەفشار دەخەنە سەر ئەو لایەی پەنجە بچووکی پێ و دەبنە ھۆی دروست بوونی ئەم حاڵەتە .


دەست نیشانکردن : 
پزیشکەکەت تەنیا بەپشکنینی سەریری ئەتوانێت پێت بڵێت کە ئەم حاڵەتەت ھەیە ، بەڵام پێویستە ئەشیعەی ڕەش وسپی (x ray )بگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایە جومگەکەی تێکشکاندووە و ئایە حاڵەتەکە تا چەند پێشکەووتووە ، ھەروەھا بۆ زانینی ھۆکاری دروست بوونەکەی کە یاریدەدەرە لە چارەسەرکردنی ..

چارەسەرکردن : 

 ١-گۆڕینی پێڵاو : 
باشترین ڕێگا ھەندێ جار تەنیا گۆڕینی پێڵاوە بۆ پێڵاوێکی گونجاو کە پزیشکەکەت یارمەتیت ئەدات ، دەبێت بەردەمی پێڵاوەکە پان بێت و جێگای ھەبێت بۆ پەنجەکان بە ئیسراحەت ، نابێت پاژنەکەی لە ٢ ئینج زیاتر بێت ، پاژنەی بەرز فشار دەخاتە سەر ناوەڕاستی پێیەکان و دەبێتە ھۆی دروست بوونی بونێۆن ، دوورکەوە لە پاژنەی بەرز ، پێڵاوی نوکدار ، پێڵاوی تەسک .


٢- بەکارھێنانی ساردی : 
بۆ کەم کردنەوەی ئازار و ئاوسان دەتوانیت کیسێک سەھۆڵ یاخود ئەو جێڵانەی لە بەفرگردا سارد دەکرێن ، یاخود سەھۆڵ خاولیەکی تێوە بپێچیت بیبەستیت لە دەوری ئاوساییەکە ، نابێت لە ٢٠ خولەک زیاتر بپێچرێت ، چونکە پێیەکان کەمتر شانەو ماسولکەیان ھەیە ، دانانی سەھۆڵ لەو ماوەیە زیاتر دەبێتە دروستبوونی سووتانەوە بە سەھۆڵ (ice burn).


ئەگەر کێشەی دەمار یاخود تەسک بوونەوەی بۆری خوێنەکانت ھەبوو باشترە پرس بە پزیشکەکەت بکەیت پێش دانانی سەھۆڵ .


٣- بەکارھێنانی ناوپۆش : 
ناوەخن یان ناوپۆشی تایبەت بۆ پەنجە گەورە یارمەتی کەم بوونەوەی ئازارەکەی دەدات و ڕێگری لە زیادبوونی دەکات ، بەڵام باشترە قسە لەگەڵ پزیشکەکەت دا بکەیت ، بۆ ماوەیەکی کاتی بەکاری بێنیت بزانیت یاریدەت ئەدات و ئایا قەبارەکەی گونجاوە ، چونکە ئەگەر گونجاو نەبێت کێشەی زیاتر دروست ئەکات .


هەندێک وەرزشی تایبەت هەیە کەدەبێت ئەنجامبدرێت ڕۆژانە ، بۆ کەمکردنەوەو ڕێگرتن لە زیادبوونی بلۆقی ئێسکەکە.


٤- دەرمان : 
ئازار شکێنەکان وەکو ئەسیتامینۆفین ، پرۆفین ، ناپرۆکسین ، ئازار و ئاوسان کەم دەکەنەوە ، ئەگەر کێشەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یان کێشەی ترت ھەبێت بەپێ حاڵەتەکە چارەسەر دەکرێت .


٦- ئامێری شۆک وەیڤ : لە ئێستادا یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان کە ئەو کالسێۆمەی دەوری جومگەکە کۆبۆتەوە دەیشکێنێت و بەڕێژەیەکی زۆر هەوکردنەکەی کەمدەکات و کۆلاجینی زیاتر لە جومگەکە دروست دەکات . 


٥- نەشتەرگەری : 
ئەگەر ئەو چارەسەرانەی سەرەوە سوودی نەبوو ، نەشتەرگەری بۆ ڕێکردنەوەی پەنجە گەورە لەوانەیە سوودی ھەبێت ، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ تەمەنی ھەرزەکاری ناکرێت چونکە شێوەو قەبارەی پێیەکان دەگۆڕێن و ھەمان حاڵەت لەوانەیە دروست بێتەوە ..

د. ھەڤین کمال شاە محمد 
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن