1120 تەندروستی

چەند رێنماییەک بۆ ئەوانەی دوای چاک بوونەوەیان لە کۆرۆنا هێشتا هەستی بۆنکردنیان نەگەڕاوەتەوە

11:03 - 01/12/2021


زەمەن-تەندروستی
نەمانی تام و بۆن یەکێکە لەو نیشانانەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە توشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پێوەی گیرۆدە دەبن ، خۆشبەختانە بەشی زۆریان چەند هەفتەیەک دوای چاک بوونەوەیان لە پەتاکە تام و بۆنیان بۆ دەگەڕێتەوە ، بەڵام بەشێک لە نەخۆشەکان چەند مانگێک بەسەر چاکبوونەوەیان لە پەتاکە تێدەپەڕی و ئەو هەستانەیان بۆ ناگەڕێتەوە ، ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی و دڵە ڕاوکێ بۆیان .


ئەگەر سەرنج بدەین زۆربەی ئەوانەی هەستی بۆن کردن لەدەست دەدن لەهەمان کاتدا هەستی تام کردنیشیان نامێنێ چونکە 80% ئەوەی کە تۆ تامی دەکەی پەیوەستە بە بۆنکردنەوە ، بۆیە پەیوەندیەکی زۆر نزیک هەیە لەنێوان ئەو دوو هەستە کە وای کردووە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتر هەبێت .

ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە بەپێی توێژینەوەکان 96% ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە لە کۆتاییدا چاک دەبنەوەو ئەو هەستەیان بۆ دەگەڕێتەوە ، هەندێکیان بە شێوەیەکی ئاسایی دوای دوو هەفتە چاک دەبنەوە ، بەڵام بەشێکیان کاتێکی زیاتریان پێویستە کە ڕەنگە هەندێک جار بگات بە ساڵێک بۆ گەڕانەوەی ئەو هەستە ، جا ئەگەر دوو هەفتە تێپەڕیوە بەسەر چاک بوونەوەت لە پەتاکەو هێشتا هەستی بۆنکرندنت بۆ نەگەڕاوەتەوە ، جۆرە ڕاهێنانێک هەیە دەتوانی لە ماڵەوە ئەنجامی بدەی پێی دەڵێن ڕاهێنانی بۆنکردن ( Smell Retraining Therapy ) ، ئەو ڕاهێنانە دەبێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان هەستەوەرەکانی بۆنکردن لەناو لووت و سەنتەری بۆنکردن لە مێشک ، ڕاهێنانەکە زۆر سادەو ئاسانە ، تێچووی کەمە و هیچ مەترسیەکیشی نیە .

ڕاهێنانەکە پێک دێت لە بۆنکردنی 4 جۆر بۆنی جیاواز ، ئەوانیش :
1ـ بۆنی لیمۆ
2ـ بۆنی کالیپتۆس
3ـ بۆنی ڕۆز (گوڵەباخ)
4ـ بۆنی قەڕەنفل

• دەتوانن زەیتی ئەو بۆنانە بەکاربهێنن کە لای عەتارەکان دەست دەکەوێت
هەریەک لەو بۆنانە ڕۆژانە بۆماوەی 20 چرکە بۆن بکە بۆ ماوەی دوو جار ، خۆ ئەگەر بتوانی زیاتر لە دووجار بۆنی بکەی ئەنجامێکی کاریگەرترو خێراتر بەدەست دێنی ، پێویستە بۆ ماوەی 3 مانگ بەردەوام بی لەسەر ئەو ڕاهێنانە بۆ دەستکەوتنی ئەنجامێکی باش .
بەهیوای سەلامەتی و لەش ساغی بۆ هەموو لایەک
دکتۆر شێروان کۆساری
پزیشکی شارەزای گشتی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن