کوردستانی عێراق مێرگە ئارامەکەیە.. ئەی کەواتە خەڵکەکەی لەبەرچی هەڵدێن؟
10:13 - 30/11/2021
دەیڤد رۆسنبێرگ، هائارێتزی ئیسرائیلی
وەرگێڕانی بەرهەم خالید
هەرچەندە بیلاروسیا کۆچبەرە کوردەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئیسفزازکردنی ئەوروپا، بەڵام گەندەڵی لەناوخۆی هەرێمەکە بەجۆرێک بەربڵاوە کە چیتر بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی هەموومان کۆکین لەسەرئەوەی کۆچبەرە بێئومێدەکان ببینین کە لەسەر سنورە نێودەوڵەتییەکان لە چادرگە کاتییەکاندا کۆدەبنەوە و سەرکێشی بە گیانی خۆیان دەکەن لە پێناو دۆزینەوەی ژیانێکی نوێ. بۆچونی تۆ هەرچییەک بێت دەربارەی پابەندی یاسایی و ئەخلاقی وڵاتانی ئەوروپا بۆ پێشوازیکردن لەو کۆچبەرانە ناتوانی نکۆڵی لەوە بکەیت کە ئەوانە بە شێوەیەکی شەرعی لە توندوتیژی و تەنگژەی ئابوری هەڵدێن لە وڵاتانی وەک سوریا و عێراق و سودان و ئەریتریا و تەنانەت غەزەش، بەڵام کوردستانی عێراق بۆ؟
کوردستانی عێراق ئەگەر نەشبوبێتە سەنگافورە و دوبەیەکی دیکە وەک پێشتر ناوزەد دەکرا، بەڵام ناوچە کوردییەکان لە عێراق وەک دورگەیەکی دەگمەن وابوو بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئەگەرچی دۆخی ئابوورییەکەی هێشتا باشە بە پێچەوانەی هەندێک ناوچەی عێراق و سوریا. لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی راپۆرتەکان لە کۆی ١٧ هەزار کۆچبەری سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا نزیکەی ٨ هەزار کەسیان خەڵکی کوردستانی عێراقن. بیلاروسیا بە بێ پرسیارکردن ڤیزای گەشتیاری بە کورد و عێراقییەکان و ئەفغانی و سورییەکان بەخشیوە بۆ ئەوەی گەشتی وڵاتەکەی بکەن و کارئاسانیش کراوە بۆ ئەوەی رووبکەنە سنورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پۆڵەنداو لیتوانیا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆچبەرەکان بە کەمترین گەڕانی جیۆسیاسی دەگەنە ئەو راستییەی کە بیلاروسیا سەرزەمینی ئازادییەکان و دەرفەتەکان نییە بۆ ئەوان و دڵنیاشن لەوەی پۆڵەندا و لیتوانیا هەموو شتێک دەکەن بۆ رێگریکردنیان لە سنوربەزاندن و گەیشتن بە خاکی وڵاتەکانیان. هەروەک بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان کوردەکان ئامادەن بڕە پارەی زۆر کە نزیکەی پێنج هەزار دۆلارە و زیاتریش بدەن بە ڤیزا لە پێناو هەڵاتن لە نیشتیمانەکەیان.
کوردستانی عێراق بریتییە لە چیرۆکێکی سەقامگیری سیاسی لەدەستچوو. ئەگەرچی بۆ ماوەی دوو دەیە دوور بوو لەو توندوتیژی و ئاژاوەی عێراق و شەڕی ناوخۆی سوریا لە کاتێکدا سنورێکی دوورو درێژی هەیە لەگەڵ هەریەک لە عێراق و سوریا. ئەوە سەرەڕای هاوسنوری لەگەڵ دوو دراوسێی سەقامگیر، بەڵام بێزارکەر کە تورکیا و ئێرانن، بەڵام کوردستانی عێراق هەرگیز سودی لەو سەقامگیری و ئارامییە نەبینی لەبری ئەوە هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو دوو پارتەی کە هاوبەشی دەسەڵاتن لەو هەرێمە نیمچە دەوڵەتەدا وایانکرد هەرێمەکە لە رووی ئابوورییەوە ببێتە وڵاتێکی رەیعی و پشتبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت هاوشێوەی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بەوەش بوارەکانی دیکەی ئابووری فەرامۆشکرد. حکومەتی هەرێم لەبری وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی ئابووری، قازانجی نەوتی بەکارهێنا بۆ دابینکردنی هەلی کاری حکومی واتە کەرتی گشتی بە جۆرێک کە خزمەتی شارستانی بە جۆرێک هەڵاوساوە کە حکومەتی کوردستان رێژەی موچەخۆری حکومی لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاترە کوبای شیوعی نەبێت (کوردستان ٦٥٪-٦٨٪ فەرمانبەری هەیە و کوبا ٨٥.٢٪). بە کورتی زۆرینەی کوردەکان پشت بە موچەی خانەنشینی و موچەی حکومەت دەبەستن.
پێویست بە وتن ناکات کە حکومەت توانای نییە ئیشی گونجاو بۆ زۆرینەی خەڵکەکەی دابین بکات. هەروەها خەڵکە باش و زیرەک و بەتواناکەش دانەمەزرێنێت، چونکە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە (یان وردتر بڵێم دوو خێزانە دەسەڵاتدارەکە) پلە وەزیفییە حکومییەکان وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ دامەزراندنی لایەنگرەکانی خۆیان و سزادانی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان.
لە راستیدا ئەم دۆخە گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ هەتا ٢٠١٣ چونکە ئەوکات نرخی نەوت بەرز بوو بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی ساڵانە بە رێژەی ١٢٪ لە گەشەسەندندا بوو. زۆری پارەی نەوت و سەقامگیری کوردستان کە ببوە هۆی راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان بەداخەوە شکستیان هێنا، چونکە لە بری دامەزراندنی کارگەو پەرەدان بە کشتوکاڵ و کێڵگەکان ئەو پارە زۆرە تەنها لە دروستکردنی مۆڵی گەورە و باڵەخانە و شوقەدا خەرجکرا تەنها ئەوە گرنگ بوو لایان شتە رووکەشەکان بدرەوشێنەوە و دیاربن.
تەنانەت ئەوەش بەتەواوی رووینەدا، لە ساڵی ٢٠١٤ دا نرخی نەوت هاڕەی کرد و لە سەردەمی کۆرۆنادا بە شێوەیەکی زیاتر دابەزی بە جۆرێک حکومەت کە تەنها پشتی بە داهاتی نەوت دەبەست نەیتوانی موچە بدات و بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانی جێبەجێبکات بەرامبەر هاوڵاتیانی. لە لایەکی دیکەوە بەغدا کە دەبوو بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی لەگەڵ هەرێمدا بەشبکات ئەویش رووبەرووی تەنگژە بووەوە بە تایبەت لە ناردنی پارە بۆ هەرێم هەربۆیە فەرمانبەرانی حکومی لە هەرێم لە باشترین دۆخدا نیوە موچەیان وەردەگرت و بە جۆرێک قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتنە زیاتر لە ٢٨ ملیار دۆلار.
دۆخەکە لە مانگی دێسێمبەری ساڵی رابردوودا تەقییەوە کاتێک خۆپیشاندەران رژانە سەرجادەکان بۆ داواکردنی موچەکانیان، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. لەبری باشکردنی گوزەرانی خەڵک حکومەت رێوشوێنی توندتری گرتەبەر بەرامبەر بە پاشماوەی ئۆپۆزسیۆنی لاواز، دۆخی ئابووری بەردەوام بوو لە داکشان وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت. هەروەک هەندێک راپۆرت دەڵێن کە بەشێک لە فەرمانبەران لەبەر بێ ئومێدبونیان لە موچە روویان کردەوە کاری کشتوکاڵی.
حکومەتی کوردستان داتا و زانیاری ئابووری ورد ناخاتەڕوو لە کاتی خۆیدا، بەڵام راپۆرتە بێلایەن و وردەکان ئەوە ئەخەنەڕوو کە ئاستی بێکاری لە هەرێمدا بەرزبوەتەوە، خێزانەکان دەناڵێنن لە دۆخی داراییان، گەنجەکان بە ژمارەی زۆر کۆچ دەکەن، نەک تەنها لە رێگەی بیلاروسیا. حکومەت مایەپوچ بووە. کەرتی تایبەت بوونی نییە بۆ هەستانەوەی حکومەت لەو شکستە.
ئەگەرچی لە ئێستادا نرخی نەوت تاڕادەیەک بەرزبوەتەوە، بەڵام لەسەر سەرکردایەتی کورد پێویستە کە دووجار بیربکاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٥. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کاتێک نەوت بۆ یەکەمجار دوای کۆرۆنا نرخی بەرزبوەوە لە کاتێکدا لە کەمترین نرخی خۆیدا بوو. بەڵام هێشتا داهاتی مانگانە زۆر کەمترە لە خەرجی مانگانە. ئەبێت ئەوە چارەسەربکرێت، چونکە چاوەڕوان ناکرێت نرخی نەوت لە ساڵی ئایندە بە بەرزی بمێنێتەوە.
لەسەر کاغەز، هیچ هۆکارێک نییە وابکات کوردستان دۆخی خراپتر بێت لە عێراق. لە سەرانسەری جیهاندا سەقامگیری سیاسی بە هۆکارێکی گەشەسەندن دادەنرێت لە کاتێکدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە کەمە، بۆیە دەکرێت کوردستان بتوانێت سود لەو سەقامگیرییە ببینێت لە رووی ئابوورییەوە بە تایبەت کە توانای کشتوکاڵیی هەیە و ناوچەکەشی شوێنێکی بازرگانی گرنگە و وڵاتانی خۆرئاواش بە چاوێکی باش سەیری ئەکەن. بۆیە ئەگەری ئیرادەی سیاسی و دانایی هەبێت دەتوانێت قازانجە نەوتییەکانی بە ئاراستەی گەشەپێداندا بەرێت لە بری قەڵەوکردنی خەرجی حکومەتدا.
ئەمە لەسەر کاغەز بەڵام لە لایەنی کردارییەوە رێژەی گەندەڵی لە کوردستان کەمتر نییە لە عێراق، بەڵکو بەشێکە لە تاوانی گەندەڵی لە عێراق. نەک تەنها سیاسییەکانی سەرەوە بەڵکو سەدان هەزار کورد لە خەڵکی ئاسایی خۆیان و خێزانەکانیان لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بونەتە بەشێک لە سیستمە گەندەڵەکە بە جۆرێک کە پشت بە سیستمەکە دەبەستن بۆ بەردەوامیدان بەو کارەیان. بۆیە پاککردنەوەیان و چاکسازی زۆربەی ئەوانە ئازار دەدات.
وادیارە حکومەتی کوردستان دەیەوێت یارمەتی بەشێک لە کۆچبەرەکان بدات کە لانی کەم بگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەرپرسانی کورد لە وانەکە فێربوبن: ئەوەتا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە تەواوی بابەتەکە رەتدەکاتەوە و تەنها بە کێشەیەکی تاوانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ وەسفیدەکات. ئەوە لە کاتێکدایە رەنگە لە کوردستان دانپیانان کێشە راستەقینەکە بێت و هەنگاوی یەکەم بێت بەرەو چاکسازی بەڵام وەک دەرەکەوێت بارزانی ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.