کەلتور

لەسەر سنوری پەنجا

06:55 - 30/11/2021 721 جار خوێندراوەتەوە

دەق:حسەین لەتیف

 

بەیانییەک بووم بە دە
کٶڵانم پڕکرد لە پێکەنین
بەیانییەک بووم بە بیست
بە گزنگ خۆم شۆرد
لە "سی"دا ئەستێرەکانم  داوەتی ژوورەکەم کرد
لە "چل" دا چەند کتێبێکم بڵاوکردوە،
لەسەر مەرزی پەنجا
بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکەمەوە:
دەبوو بیانکەم و...نەممکردن
بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکەمەوە
دەبوو نەیانکەم و...کردمن.




بە هۆی هەڵەیەکەوە لێرەم،
هی من نەبووە،
ئێستا لە  پەنجا نزیک دەبمەوە،
نزیکەی چەند ددانێکم لە ڕاستکردنەوەی  ئەو هەڵەیەدا کەوتن.
وەک ڕێبوارێک شوێن پێیخۆی لەسەر رێگا دەبینێت
شوێن پێکانی خۆم لەسەر رێگای ژیان دەبینم.
 شەوێک خەونم دیت،
ددانێکم کەوتبوو،
لای نیوەڕۆ باوکم مرد.
باوکم بەدوای ناندا ڕایکرد
بیری چوو داوای لێبووردن لەو هەڵەیە بکات بەرانبەر بە من کردی یان هەر نەیویست؟

لە  پەنجا نزیکدەبمەوە،
بەرلەوەی  شەوێکی زستان..
یان شەوی هەر وەرزێکی دیکەی ساڵ
خەون بە ددانکەوتنتانەوە ببینن؛
بمبورن
بمبورن
بمبورن
بمبورن
گوناهم کرد بووم بە باوک!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن