1052 کوردستان

بۆچی پەرلەمانی فەرەنسا پڕۆژەی بەجینۆسایدناساندنی كوردی پەسەند نەکرد؟

09:01 - 29/11/2021

حەمە عوسمان –فەرەنسا

شەوی هەینی رێکەوتی 26 ی نۆڤەمبەر پەرلەمانی فەرەنسا، دانیشتنێکی تایبەتی کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژە یاسایەکی گرنگ بۆ ناسناندی جینۆسایدی کورد بەدەستی رژێمی سەدام حسێن، ئەم پڕۆژەیاسایە لەلایەن پارتی (یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ) پێشکەش بە پەرلەمان کرابوو. 


هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە لەسەر داوا و پێشنیازی سکرتێری گشتیی پارتی (یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ) کریستۆف لەگارد ناوەندی باڵی راست، پێشکەش کرابوو، بەڵام شەوی هەینی قسەوباسی لەبارەوە کرا.



ئەو پڕۆژە یاسایە داوای بڕیارێک دەکات بۆ ناساندنی جێنۆسایدی گەلی کورد لە عیراق بە دەستی دیکتاتۆر سەدام حسێن و دامودەزگاکانی. هەروەها لەو پڕۆژەیەدا داوای قەرەبوو دەکات بۆ هەموو ئەو خێزانانەی کە کەسوکاریان بە چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و لە ئەنفالدا یان کوژراون یان بێسەروشوێن بوون یاخود زیانیان پێگەیشتووە لە ئەنجامی سوتاندنی گوندەکانیان، هەموویان قەرەبوو بکرێنەوە. بەداخەوە پڕۆژەکە دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا. لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاری یاسایی و پیشەیی و سیاسیی رۆڵیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پڕۆژەیاسایەی کە پێشکەشکرا، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بۆ ناساندنی دۆزی رەوای کورد لە عیراق و ناساندنی تاوانەکانی رژێمی سەدام حسێن بە جیهان.


مێژووی پارتی یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ


یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ، هەر دوای شکستی نیکۆڵا سارکۆزی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا ساڵی 2012 لە کۆمارییەکان جیابوونەوە و (ی.د.س) یان دروستکرد و ئێستا لە ئۆپۆزسیۆندان. سەرانی ئەم پارتە دەمێکە پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە هەیە و دۆستی کوردن، بەتایبەتی مام جەلال.


دانیشتەکەی شەوی هەینی پەرلەمان


پێنج گروپ لە دانیشتنەکەی رۆژی هەینیدا بەشداریان کرد، هەروەها سکرتێری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە و کاروباری ئەوروپاش ئامادەی دانیشتنەکە بوو.


ئەم دانیشتنە بریتیبوو لە خوێندنەوەی سێیەمی ئەو پڕۆژەیە، هەر گروپە و بەجیا خوێندنەوەی خۆی کرد بۆ ئەو پێشنیازە.
مێژووی گەلی کورد لە عیراق



سەرەتا کریستۆف لەگارد خاوەنی بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە کە سکرتێری پارتی (یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ)شە، پاش ئەوەی کورتە باسێکی لە مێژووی گەلی کورد پێشکەشکرد، باسی لە گرنگیی پێناسین و دانپێنان و پەسەندکردنی جینۆسایدکردنی کورد لە عیراق کرد و هەموو ئەو تاوانانەی بەبیرهێنانەوە و هەموو ئەو تاوانانەی رژیمی پێشووی عیراقی دەرهەق بە کورد کردوویەتی، بە درێژی باسکرد و وتی: هەموو ئەم تاوانانە، جێنۆسایدی ئەو گەلە دەسەلمێنێت.


خەباتی گەلی کورد لە جەنگی دژبە داعش


پاشان کریستۆف لەگارد باسی لەوە کرد، کە کورد هەمیشە هاوپەیمان و هاوخەباتمان بوون لە جەنگ لە دژی تیرۆریستان و باسی لەوەکرد کە سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکان گەلێکی ئاشتییخواز و تینووی ئازادیی و دیموکراسین، لە هەمانکاتیشدا گەلێکی ئازاو لە خۆبوردوون بۆ گیانفیداکاریی و بەرەنگاربوونەوە دژی تیرۆریستان و بە خوێنی شەهیدانیان ئەو راستییەیان سەلماندووە، بەڵام هەموو جارێک پشتیان تێکراوە و بەجێیانهێشتوون و بیرچوونەتەوە. هەروەک لەم ساڵانەی دواییدا لە سوریا کوردەکانی رۆژئاوا دوای هەموو خەبات و قوربانیدانیان دژی داعش، ئەمریکا پشتیتێکردن و بەجێی هێشتن.


لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: هیوادارم بەرامبەر بەو هەموو قوربانی و خەبات و ماندوبوونانەیان لەم پەرلەمانەوە ناساندنی جێنۆسایدی گەلی کورد لە عیراق پەسەندبکرێت و رابگەیەنرێت.


ئەو گروپ و لایەنە سیاسییانەی کە بەشداربوون ئەمانە بوون:

یەکەم/ گروپی چەپی دیموکرات (چەپی رادیکاڵ)
دووەم/ حزبەکەی ماکرۆن (کۆمار بەڕێوەیە)
سێیەم/ بزووتنەوەی دیموکراسی
چوارەم/ پارتی سۆشیالیست
پێنجەم/ یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ، خاوەن پڕۆژەکە
هەروەها (کلیمۆن بۆییۆ) سکرتێری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە و ئەوروپا ئامادە بوو.


پڕۆسەی دەنگدان


پاش ئەوەی ئەو پێنج گروپە خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەو پێشنیازەپڕۆژەیە کرد، خرایە دەنگدانەوە، لە کۆی 27 ئەندام پەرلەمانی ئامادە بوو، 26 کەس دەنگیان دا، سەرەنجام تەنها 9 دەنگی گروپی (یەکێتیی دیموکراسیی سەربەخۆ) پڕۆژەکەیان پەسەندکرد، 26 دەنگیش دژی پڕۆژەکە بوون و یەک کەسیش دەنگی نەدا، بەو شێوەیە پڕۆژەکە پەسەند نەکرا.


هۆکاری رەتکردنەوە


بەگشتی هۆکاری رەتکردنەوە و پەسەندنەکردنی پڕۆژەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کورد لەلایەن پەرلەمانی فەرەنساوە دەگەڕیتەوە بۆ ئەم هۆکارانەی خوارەوە:


یەکەم: لەو دانیشتنەدا ژمارەیەکی زۆر کەم بەشدارییان کرد و هەندێک لە حزب و لایەنە چەپە دۆستەکانی کورد بەداخەوە بەشدارنەبوون، بۆ نموونە (پارتی کۆمۆنیست) و (فەرەنس ئەنسومی). ئەمەش زیانێکی گەورەی لە پێشنیازە پڕۆژەکە دا.


دووەم: هەموو ئەو گروپ و لایەنە سیاسییانەی بەشداربوون و پڕۆژەکەیان رەتکردەوە، جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەم پێشنیازە رێڕەوی یاسایی تەواوی خۆی وەرنەگرتووە بۆ بەناساندنی وەک جێنۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، ئاڕاستەی یاسایی و دەستووریی نێودەوڵەتی خۆی هەیە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هەوڵی بۆ بدرێت.


سێیەم: سەرەڕای ئەوەی تێکڕای هەموو گروپ و لایەنە سیاسییەکان، پشتگیریی و دۆستایەتی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ گەلی کورد، بەڵام نەگەیشتە ئەوەی بە زۆرینە دەنگ بدەن بەو پڕۆژەیە، پێیان وابوو کە ئەم کەیسە پێویستی دەکرد پێشوەخت بخرایەتە بەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی دادگای (ئەدۆک) کە تایبەتە بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە شارەزا و تایبەتن بە تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جێنۆساید، هەر ئەم دادگایەش بوو جێنۆسایدی رواندا و بۆسنییەکانی لەکاتی خۆیدا ناساند.


چوارەم: هۆکارێکی تر ئەوەیە کە بەشداربووان پێیان وابوو، کە پێویستبوو ئەم کەیسە بەرەوڕووی پەرلەمانی عیراقی فیدراڵ بکرابایە، تێیدا نەک بە تەنها کێشەی کورد، بەڵکو کێشەی ئێزدیی و کلد و سریانی و شیعەش لەو پەرلەمانە تاوتوێ بکرابایە و کۆمسیۆنێکی تایبەت بەو تاوانانە پێکبهێنرابایە و بۆ ئاشتبوونەوەی گشتی لەناو هەموو ئەو کەمە نەتەوەییانە و مەزهەبە ئایینیە جیاوازانەی کە عیراقی لێپێکهاتووە. هەروەها پێیانوایە کە پەرلەمانی فەرەنسا دادگا نییە تا بتوانێت دادوەریی لەو جۆرە تاوانانەدا بکات، بەڵکو ئەم کەیسانە تایبەتە بە دادگای تایبەت بە تاوان دژی مرۆڤایەتی و شارەزایانی مێژوو و پێیانوایە کە پێویستە سیستمێکی یاسایی تایبەت بەو پرسە پێکبهێنرێت بۆئەوەی کە ئەم کێشەیە ببێتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و فەرەنساش بە دڵنیاییەوە رۆڵی خۆی تێیدا دەبێت.


دوو هۆکاری سەرەکی


ئەگەر هۆکارەکان بۆ پەسەندنەکردنی پڕۆژەی ناساندنی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و جێنۆساید بۆ گەلی کورد لە عیراق کورتبکەینەوە، بریتییە لەم دوو هۆکارە سەرەکییەی خوارەوە.


یەکەم: پێویستە لە پەرلەمانی عیراقەوە دەستپێبکرێت و هەوڵی پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بەو تاوانانە دروستبکرێت و لەسەر بناغەی یاسایی هەوڵبدرێت، تاوانەکان بسەلمێنرێت و جیابکرێتەوە لە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و جێنۆساید، ئەویش بە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە بۆ پتەوکردنی ئەو کەیسانە.



دووەم: پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی تایبەت بەو تاوانانە لە عیراق و کارکردن لەسەری لە دادگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە تاوان دژی مرۆڤایەتی، چونکە پێیانوایە تەنها کورد نییە تاوانیان لەدژ کراوە لە عیراقدا، بەڵکو پێکهاتەکانی تریش تاوانیان بەرامبەر کراوە.
گرنگی ئەم پڕۆژەیە



هەرچەندە ئەو پڕۆژەیە کە لەلایەن (یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ)وە شەوی هەینی رێکەوتی 26 ی نۆڤەمبەر، پێشنیازکرا، بەڵام بەداخەوە پەسەندنەکرا، ژمارەیەکی کەمیش بەشدارییان کرد، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە بۆ یەکەمجارە لە پەرلەمانی فەرەنسادا بەو شێوەیە تاوان دژی مرۆڤایەتی و جێنۆساید سەبارەت بە کورد تاوتوێ دەکرێت. هەروەها یەکەمجارە پڕۆژەی لەو جۆرە لەلایەن لایەنێکی سیاسیی فەرەنسییەوە بۆ ناساندنی تاوانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی کورد پێشکەش بکرێت، بەتایبەتی شاری هەڵەبجەی شەهید و 5 هەزار شەهیدەکەی، رەنگە سەرەتایەکی باش بێت بۆ دەستپێکردن، چونکە ئەم جۆرە کەیسانە پێویستیان بە کات و پشوودرێژیی و دانیشتن و کاتی زیاترە.


سەرچاوە:
www.assemblee-nationale.fr

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن