360 کوردستان

ساسان عەونى: ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ سێکتەری گەشتوگوزار خەرج دەکرێت

11:47 - 29/11/2021

زەمەن_هەولێر


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارى هەرێم رایگەیاند، ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ سێکتەری شوێنەوار و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت.


ئەمڕۆ، دووشەممە 29/11/2021، کۆنفرانسی زانستیی شوێنەوار، بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسەکەدا لە وتارێکدا رایگەیاند، شوێنەوار و کەلەپوور لە ئەجێندای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و شوێنەوار وەک شوسناس و ناسنامەی نیشتمانی، وەک ئاوێنەیەکی درەوشاوەی مێژوو و ڕابردوومان، وەک ڕابردووی میللەتێک کە بە درێژایی هەزاران ساڵ ڕەگ و ڕیشەی لەسەر خاکەکەی داکوتاوە، گرنگایەتیی تایبەتی هەیە.

وتیشى، ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و ئەرکی سێکتەری شوێنەوار دەڕوانن''.

ساسان عەونی ئاماژەى بەوەشکرد، ''لە ڕوانگەی ئەو بایەخەوە سەرەڕای قەیرانی دارایی، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ سێکتەری شوێنەوار و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. هەروەها کۆنفراسی داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا لەسەدا یەکی داهاتی شارەوانییەکان بۆ ئەم سێکتەرە خەرج بکات''.  

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرایشی کرد: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگاری هەولێر بە هاوکاریی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا، زیاتر لە 750 شوێنی شوێنەواری تۆمار کراون و کارکردن لەو سنوورە بەردەوامە. هەروەها لە پارێزگاکانی تریش بە فراوانی کاری کنە و پشکنین بەڕێوە دەچێت و چەندان شوێنی شوێنەواری دۆزراونەتەوە کە گۆڕانیان بەسەر گێڕانەوە باوەکانی ساڵانی ڕابردوودا هێناوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن