454 کوردستان

ديندار زێبارى: خۆپیشاندانى خوێندکاران مۆڵەتى نەبووە

10:50 - 29/11/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ‏ڕابردوو له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێم خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، مۆڵه‌تى فه‌رمییان نه‌بووه‌.


د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕێكخراو و ‏ناوەندە جیهانییەكان دەداتەوە و له‌ ‏ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ‏داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی بێت.‏

زێبارى دەڵێت، حکومەتی هەرێم پشتگیریی لە گشت داوا ڕەواکانی هاوڵاتییان ‏دەکات، به‌ڵام لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە و پێویستە پێشتر ‏مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی ‏خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی له‌ ئەستۆ دەگرن لەکاتی ئەنجامدانی خۆپیشانداندا، ‏خۆپیشاندانى خوێندكارانیش پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ناڕەزایەتییەکانیان ئاگادار ‏کردووه‌ته‌وه‌، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبووه‌.‏

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسى لەوەشکردووە، لە ‏ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان ‏کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاون و هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند ‏کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ ‏کراوە.‏

دیندار زێبارى سەبارەت بە ڕێكاری لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ‏دەڵێت ، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە ‏پاراستنی ئارامیی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانیکردن لە داوا ڕەواکانیان بەشێوەیەکی ‏مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان ‏دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتییانە گوزارشت لە داواکانیان ‏بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.‏

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن