وەزارەتى تەندروستیی هۆشدارى لەبارەى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا نوێیەکە دەدات
11:19 - 28/11/2021
زەمەن_عێراق
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ھیچ گرەنتیەک نییە لەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاونەبێتەوە، لە ئەگەرى بڵاوبوونەوەى، پەنا دەبەنە بەر گرتنەبەری رێشوێنەکانی
پێشووی خۆپارێزیی.
ریاز عەبدولئەمیر حەلفی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا
ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا پەتای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاونەبووەتەوە و "
ئەگەر گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، ئەوە پەنا دەبەینە بەر گرتنەبەری رێشوێنەکانی
پێشووی خۆپارێزیی لەوانە داخستنی شوێنە گشتییەکان، دووپەرێزیی کۆمەڵایەتیی و ھەروەھا
وەرگرتنی ڤاکسین".
گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقیای باشوور سەرھەڵداوە و بڵاوبووەتەوە.
ریاز عەبدولئەمیر وتیشى: "لەئێستادا،
چەندین وڵات لە ترسی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن قەدەخەی گەشتکردنیان بۆ ئەفریقیای
باشوور راگەیاندووە، چونکە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە".
ئاماژەى بەوەشکرد، "ھیچ گرەنتیەک نییە لەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق
بڵاونەبێتەوە، بۆیە پێویستە بۆ ھەموو ئەگەرەکان خۆمان ئامادە بکەین".
باسی لەوەشکردووە، ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ١٧ ساڵە
ڤاکسینیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە ١٧٠ ھەزار کەس و گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت تا
کۆتایی ئەمساڵ، نۆ بۆ ١٠ ملیۆن کەس لە عێراق ڤاکسین وەربگرن".
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٧٩ ھەزار و ٨٤ کەس لە عێراق تووشی
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، لەو ژمارەیەش ٢٣ ھەزار و ٧٧٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و
دوو ملیۆن و ٤٠ ھەزار و ٩٧٨ کەسیش چاکبوونەتەوە.
ھەروەھا تا ئێستا، حەوت ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار و ٦٨٠ کەس لە عێراق دۆزی یەکەم و
دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.