510 کوردستان

لە پارێزگای سلێمانی تەنیا 8%ی هاوڵاتیان هەردوو ژەمە ڤاكسینیان وەرگرتووە

09:13 - 27/11/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال


تائێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 8% هاوڵاتیان هەردوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە و نزیكەی 400 خوێندكاریش ژەمی یەكەمیان وەرگرتووە.

د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، تائێستا نزیكەی 8%ی هاوڵاتیان هەردوو ژەمە ڤاكسینیان وەرگرتووە نزیكەی 13%یش یەك ژەمیان وەرگرتووە، واتە ئەوانەی ژەمی دووەمیان وەرگرتووە 180 هەزار كەسن كە دەبوو 520 هەزار بێت.

ناوبراو روونیكردەوە ئەو رێژەیە كەمە، هەرچەندە لەو هەڵمەتەی تا كۆتایی ساڵ دەست پێكراوە سلێمانی باشترە، بەڵام هێشتا رێژەكە كەمە، چونكە دەبێت تا كۆتایی ساڵ بگاتە 40%..

د.نەجمەدین حەسەن ئاماژەی  بەوەكرد، تائێستاش لە قوتابخانە و خوێندنگەكان خوێندكارانی 12 بۆ 17 ساڵ نزیكەی 350 تا 400 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەهاوكاری وەزارەتەكانی تەندروستی عێراق و كوردستان، هەڵمەتێكی وەرگرتنی ڤاكسینیان لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق دەست پێكردووە و تا كۆتایی ساڵیش بەردەوام دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن