527 کوردستان

"زیندانیانی شێلادزێ بە توندی ئەشکەنجەدراون"

08:40 - 27/11/2021

"زەمەن"

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، رایگەیاند: دوای نزیکەی ساڵێک لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن و لەگەڵ گوھدار زێباری و چەند زیندانیەکی دیکەدا ماوەی ٣ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و دۆخیان باش نیە.

ئەیھان سەعید، لە زمانی زیندانیەكانەوە چەند نهێنیەكی ئاشكراكردووە و باسیان لەوەكردووە لەسەرەتای رفاندنیان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجەدراون "دوو پەنجەی ئەمجەد رێکانی کە وەکو ھێمای ئازادی لە رەسمەکان بەرزدەکردنەوە شکێنراون".

ئاماژەیان بەوەشكردووە، لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆکراوین و بڵاویشدەکەنەوە، ھەروەھا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدان بە مەسعود شنگالی و شێروان تەھا سلێڤانەیش کرابوو.

دەقی رونكردنەوەكەی ئەیهان سەعید

رونکردنەوەو داواکاری زیندانیان وەک خۆی دادەنێم
بۆ/ ڕای گشتی
دوای نزیکەی ساڵێک لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن و لەگەڵ گوھدار زێباری و چەند زیندانیەکی دیکەدا ماوەی ٣ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و دۆخیان باش نیە و رونکردنەوە و داواکاریان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو:

یەکەم: لەسەرەتای رفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین (دوو پەنجەی ئەمجەد رێکانی کە وەکو ھێمای ئازادی لە رەسمەکان بەرزدەکردنەوە شکێنراون) و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆکراوین و بڵاویشدەکەنەوە، ھەروەھا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدان بە مەسعود شنگالی و شێروان تەھا سلێڤانەیش کرابوو.

دووەم: بێ جگە لەوەی رێگەمان پێنادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت.

سێیەم: لە کاتی لێکوڵینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.

چوارەم: ماوەی ٣ رۆژە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین و داواکارین لە  UN، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەڵکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین:

یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنمان دیاریبکرێت.
دووەم: ئێمەو ھاورێ حوکمدراوەکانمان وەکو گوھدار زێباری لە ئاساشی گشتیەوە بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەوران لە ھەولێر یان دھۆک.
سێیەم: نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن.

ناو و رۆژی رفاندنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون 

مەحمود ناجی صدیق (چالاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چالاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چالاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چالاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چالاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
گوھدار زێباری (رۆژنامەڤان) .. ئاکرێ ٢٢/١٠/٢٠٢٠
 .. حوکمدراوە و نەقڵی چاکسازی ناکرێ
بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەکەین زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەک تاوانیان نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبکرێن تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بوە، بۆیە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشیریتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن .

تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.
ئەیھان سەعید - چاودێری مافی مرۆڤ و نوێنەری زیندانیانی بادینان
٢٧ی ١١ی ٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن