فراكسیۆنی گۆڕان داوای كۆبوونەوەی نائاسایی دەكات
12:03 - 27/11/2021
زەمەن- پشتیوان جەمال
فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر رووداوەكانی هەفتەی رابردووی سنووری پارێزگاكە، داوای كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەن دەكات.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە سبەینێ یەكشەممە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان و كەوتنەوەی توندوتیژییەكان بكات.
لەو یاداشتەدا فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندووە، سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەشاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و شارۆچكەكانی دیكەی ئەم ناوچەیە بۆ داواكاری گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران كە چەند رۆژێكە بەردەوامی هەیە و چەندین رووداوی نەخوازراو و پێشێلكاری بەرامبەر خوێندكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراوە، بەهەمانشێوە توندوتیژی بەرامبەر هێزە ئەمنییەكانیش بەشێوەیەك خەریكە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواكارن رۆژی یەكشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2021 كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجام بدریچت بۆ "یەكەم: لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر خوێندكاران كراوە لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، دووەم: لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بەشێوازێكی دروست و بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 مامەڵەی یاسایی و ئاسایی بەرەو هێوركردنەوەی دۆخی خۆپیشاندانی مەدەنییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن، سێیەم: هیچ هێزێك جگە لە هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بۆی نەبێت بچێتە ناو خۆپیشاندەران".
لەو بارەیەوە بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی گۆڕان بە "زەمەن"ی راگەیاند، بەپێی یاسا ئەنجومەن بۆی نییە تەداخولی كاروباری خوێندنی باڵا بكا، بەڵام سەبارەت بەبەكارهێنانی توندوتیژییەكان فراكسیۆنی گۆڕان ئەو یاداشتەیان ئاڕاستەی ئەنجومەن كردووە ئەگەر كۆبوونەوەكە كرا داوای روونكردنەوە سەبارەت بە بەكارهێنانی توندوتیژییەكان دەكەن.
هەفتەی رابردوو خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان چەند رۆژێك خۆپیشاندانیان كرد و داوای گێڕانەوەی دەرماڵەكەیان كرد كە هەشت ساڵە راگیراوە، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەكان توندوتیژییان لێكەوتەوە.