563 کەلتور

تـــــــــرس

08:09 - 26/11/2021

گــۆران مەریـــوانی-کولتووری زەمەن

میوانمان بوو
دەمانچە بە قەدەوە و تفەنگێ لە باوەشدا
چیمان هەبایە وەبەردەمیمان دەخست
بە ئاوی کانی گوندەکەمان
رۆحی خوێناوی و داوێنی پیسیمان دەشت
هەمیشە چاومان لە چەکەکەی بوو
رووی لە کوێ دەکرد
هەمیشە گوێمان هەڵدەخست
خوێنی کێیی لە هاوزمانەکانی
بە فیشەکێ یان بە دووان .... دەڕشت
میوانمان بوو
خۆیی و هاوڕێکانی، خۆیی و دوژمنەکانی
ساڵانێکی زوو
بەتەنیا یان هەردوو بە جووت

ئێستا گوندەکەمان خاپوورە
کانیەکەمان وشکە
جگە لە چەند کۆترێکی لاغر و دەنگ نووساو،
بەدەر لە چەند کەڵەکێویەکی کەنەفت و جەرگ سووتاو،
چەند درەختێکی لە تینوان هەڵپڕوکاو،
هیچمان نەماوە.
بەڵام گوندەکەمان پڕە،
لە کوڕو و کاڵی ئەو
تەنانەت مێروولەکانیش،
کیسەڵە پیرە قاوخدارەکانیش،
شەوانە لە ترسان،
چاویان ناچێتە خەو!

سپیدەی 2021.11.26

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن