لەسەر كارەساتی خنكانی كۆچبەرە كوردەكان چوار قاچاخچی دەستگیركران
08:21 - 25/11/2021
«زەمەن»
کاوەرەش – بەریتانیا
پەیوەست بەژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاندوە، چوار قاچاخچیان دەستگیركردوە كەبەرپرسن و پەیوەندیان هەبووە بەو بەلەمەی ڕۆژی چوارشەممە لەبەندەری ئینگلیزیدا ژێرئاوكەوت.
حكومەتی فەڕەنسا دەڵێ، لەسەرەتای جەنیوەری ئەمساڵەوە ١٥٠٠ قاچاخچیان دەستگیركردوە كەدەستیان هەبووە لە بازرگانی بە كۆچبەرانەوە، لەگەڵ ئەوەش دەڵێ، گیانی زیاتر لە ٧ هەزارو ٨٠٠كۆچبەریشیان لەمردن ڕزگاركردوە.
هەروەها وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاندوە، ئێستا ٧٨٠ پۆلیس و سنورپارێز، لەكەنارەئاوییەكانی فەڕەنسادا ئێشك دەگرن بۆ ڕێگری لەپەڕینەوەی كۆچبەران، داوامان لەبەریتانیا كردوە كە بەهاوبەشی كەنارە ئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا بپارێزین و ژمارەی پاسەوانیش بۆ دوو هێندە زیاد بكەین، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو ڕێگا مەترسیدارە، قەدەغە بكەین.
تۆم پورسگلۆڤ، وەزیری كۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، بەتۆڕی بە هەواڵی بی بی سی دوویی ڕاگەیاندوە کە ڕۆژێکی زۆر خەمبارە بۆ ئەو، لەگەڵ ئەوەش ئەو دەڵێ، هەمیشە ترسی لەڕۆژێكی مەرگەساتی واهەبووە بۆ كۆچبەران لەو ڕێگا ترسناكە.
ئەو دەڵێ" ڕاستییەکی سادە هەیە کەئەوەیە، نابێت كۆچبەران ژیانیان بخەنە دەستی قاچاخچیە خراپەکان، بۆ ئەوەی بێنە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، لەكاتێكدا ئەوان بەچەندین وڵاتی دیكەی سەلامەتی ئەوروپا، بەجێ دەهێڵن، بۆ ئەوەی بگەنە بەریتانیا!
دەربارەی پاراستنی كەنارەئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا لەلایەن بەریتانیاوە، وەزیری كۆچ دەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەبێ هەنگاوی زیاتر بنێن لەداهاتوو، لەكاركردنی هاوبەش لەگەڵ فەڕەنسا، بەریتانیا ٥٠ملیۆن پاوەندی دیكەی بۆ فەڕەنسا تەرخانكردوە بۆپارستنی كەنارە ئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا.