578 کوردستان

حكومه‌ت دوو ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ سلێمانی ته‌رخانكرد

05:35 - 24/11/2021

زه‌مه‌ن_سلێمانی


حكومەتی هەرێمی كورددستان، بڕیاریدا بڕی دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ هەواری شار لە سلێمانی خەرج دەكات.


بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە”لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 2 ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەڕێوەبردن و چاكسازی پاركی هەواری شار لە پارێزگای سلێمانی، ئەو بڕە پارەیەش قۆناغ بە قۆناغ و بە شێوەی نەختینە خەرج دەكرێت”.

هەر لە ڕاگەیەدراوەكەدا هاتووە”دوای ئامادەكردن و گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پرۆسەی تەندەرین، پڕۆژەكە چووەتە بواری جێبەجێكردن و لەلایەن كۆمپانیای (لانتانا)ش جێبەجێ دەكرێت”.

پێشتر حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی 4 ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار و 500 دینار دەربڕی بوو، لەسەر بودجەی وەگەڕخستن بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قوناغ بەمەبەستی جێبەجێكردن و بەڕێوەبردن و چاكسازی لە چەند پرۆژەیەكی پارێزگای سلێمانی و پارەكەش لەسەر بودجەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی خەرج دەكرێت كە پڕۆژەكان بریتی بوون لە: بەڕێوەبردن و چاكسازی پاركی هەواری شار، بەڕێوەبردن و چاكسازی بلواری شەست مەتری مەلیك مەحمود، بەڕێوەبردن و چاكسازی بلواری سلێمانی – تاسڵوجە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن