حاكم قادر: پشتیوانی لە داواكارییەكانی خوێندكاران و ھەموو خەباتێكی مەدەنییان دوور لە توند و تیژی دەكەین
07:20 - 23/11/2021
زهمهن_سلێمانی
حاكم قادر حهمهجان، رایگەیاند، خوێندكاران داوای
مافێكی ڕەواو یاسایی خۆیان دەكەن و پشتیوانی لە داواكارییەكانیان و ھەمو خەباتێكی
مەدەنییان دور لە توندوتیژی دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە
٢٠٢١/١١/٢٣، حاكم قادر حهمهجان ئهندامی ئهنجومهنی باڵای سیاسيی و بهرژهوهنديی
یهكێتی نیشتمانيی كوردستان له میانی دیدارێكدا لهگهڵ ئالان ڕەوف بەڕێوەبەری كتێبخانەی
گشتی سلێمانی و ژمارەیەك لە ستافی كتێبخانەكە، تیشكی خستە سەر گرنگی
ڕۆڵی كتێبخانەی گشتی سلێمانی لە پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری لە سنورەكە و ھاوكاریكردنی
خوێنەران و جەختی كردەوە كە دەبێت بەردەوام برەوی زیاتر بە بواری كتێب و خوێندنەوە بدرێت، وەك فاكتەرێك بۆ پێشخستنی زیاتری
كۆمەڵگە و گەشەسەندنی ئاستی رۆشنبیری بەتایبەت كە سلێمانی پایتەختی كولتووری و ڕۆشنبیرییە.
بهپێی راگهیهنراوی نوسینگهكهی، ھەر لەو دیدارە حاكم قادر تیشكی خستە سەر
خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان و وتی،
خوێندكاران داوای مافێكی ڕەواو یاسایی خۆیان دەكەن و پشتیوانی لە داواكارییەكانیان
و ھەموو خەباتێكی مەدەنییان دوور لە توند و تیژی دەكەین و داوا لە حكومەت دەكەین ھەرچی زووە بێتە سەرخەت
و وەڵامی داواكارییەكانیان بداتەوە و مافەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و لە داھاتودا ھەلی
كاریان بۆ بڕەخسێنێت بەپێی بەڵێنەكانی پێشو كە بە خوێندكاران و لاوان و گەنجانی ھەرێمەكەمانیان
داوە.
جەختیشی كردەوە كە دەبێت ھەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و دارایی ، بە زووترین
كات كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكەن ، نەك یەكتری تۆمەتبار بكەن، چونكە ئەوە ڕاكردنە
لەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە.
حاكم قادر ئاماژەی بەوەشكرد، خوێندكاران وەك توێژێكی ھۆشیاری كۆمەڵگە و
سامانێكی نەتەوەیی و مرۆیی، دەبێت بەردەوام حكومەت لە پشتیان بێت و لە ئاست خواست
و داواكارییەكانیاندا بێت و وەك توێژێكی گرنگی كۆمەڵگە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.