دیمانە

«سیاسەتێک کە بە سانایی ڕێگە دەدات خەڵک بمرن»

11:18 - 18/11/2021 99 جار خوێندراوەتەوە

چاوپێکەوتن لەگەڵ مارتا گۆرچینسکا 
و. لەئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، کۆمەڵە دیمەنێک دەردەکەون کە شایانی بیرلێکردنەوە نین بۆ ئەوروپای سەدەی بیست و یەک. ئەو پەنابەرانەی خراونەتە ئێرەوە، کە جەنگی مانەوە لەژێر سفری پلەی گەرمیدا دەکەن، نائومێد، تراوماگرتوو، دوا وزەی خۆیان بەخەرج دەدەن – ڕێک وەک یارمەتیدەرەکان.

 چاوپێکەوتنی پرۆ-ئازول (پڕۆ-پەنابەر) لەگەڵ پارێزەری پۆڵەندیی، مارتا گۆرچینسکا

بارودۆخی سەر سنووری پۆڵەندا-بێلاڕووس ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت. هیچ نیشانەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئایا سیاسەتمەدارانێک هەن لە پۆڵەندا بانگەوازی میانەڕەویی و مرۆڤایەتیی بکەن؟

گۆرچینسکا: بەداخەوە نەخێر. ئەمە کارەساتێکی مرۆییە لە هەموو ئاستەکانییەوە لێرە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا ڕوودەدات. سیاسەتمەداران تەنها سەرقاڵن بە پارێزگاریکردن لە سنوورەکانەوە؛ تەنانەت کەس باس لە کۆمەک و بەهاناوەچوونی مرۆییش ناکات، کە بەشێوەیەکی خێرا و زەرووریی پێویستیانە. ڕۆژ بە ڕۆژ کەش و هەوا ساردتر دەبێت، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزن تا ئاستی بەستن. خەڵک هیچ سەرپەنایەکیان نییە تێیدا بمێننەوە، هیچیان نییە بیخۆن، جلوبەرگی گەرمیان پێ نییە. ژنانی دووگیان منداڵیان لەباردەچێت. سەرەڕای داواکارییەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، کەچی پۆڵەندا هەر نایەوێت هیچ فریاگوزارییەکی پزیشکیی یان مرۆیی بۆ ئەو کەسانە بنێرێت کە بەدووی پارێزبەندییدا دەگەڕێن. خەڵک وا دەمرن. نەک لەبەرئەوەی هیچ پێداویستییەکمان نەبێت ڕزگاریان بکەین بەڵکو لەبەرئەوەی، ئێمە، ئەوروپا، لێدەگەڕێین ئەوان بمرن. ئەمە مۆتەکەیە. 

پۆڵەندا بەتازەیی دۆخی نائاسایی بۆ ٦٠ ڕۆژ درێژکردۆتەوە. ئەمە واتا چی؟

گۆرچینسکا: سوپا ڕێگەی پێدراوە بچێتە نێو “ناوچەی سوور”ەوە، واتا سێ کیلۆمەتری ناوچەی سنووردارکراو و تەلبەندکراو بەدرێژایی سەرسنوور. هیچ کەسی دیکە بۆی نییە، نە پزیشکان، نە ڕۆژنامەنووسان و نە کرێکارانی فریاگوزاریی و نە ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان. لە زۆر ڕووەوە ئەمە کارەساتە. یەکەم، ئێمە هیچ زانیاریی و وێنەیەکی ڕۆژنامەنووسییمان نییە دەربارەی ئەوەی لەو دارستانەدا ڕوودەدات. ئەمە تەنها دارستانێک نییە تێیدا پەنابەران دەمێننەوە، بەڵکو لە ڕاستیدا جەنگەڵە: کۆنترین دارستانی ئەوروپا، ناوچەیەکی ناوچەیەکی پێچاوپێچ و سەخت و دەورەدراو بە زەلکاو و گۆماو و ڕووبارەکان. گای کێویی و دڕندەی بیسۆن و گورگی لێدەژین. بەڵام بەتایبەت بۆیە کارەساتە، چونکە هیچ خەمێک لە پەنابەران ناخورێت. تەنها کەسانێک بتوانن دەستیان پێیان بگات، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، دانیشتوانە ناوچەییەکانن. ئەوان ئەوە دەکەن کە پێیان دەکرێت، بەڵکو ئەو خەڵکانەی لەوێ دەژین، بەتەواویی لەدەرەوەی توانای ئەم بەرپرسیارێتییەوە.

باسی ئەوەمان بۆ بکەن.

گۆرچینسکا: خەڵکانی ئاسایی دەبنە ڕزگاریبەخشانی ژیان، بەڵام نە ئەزموونیان لەگەڵ ئەمجۆرە بارودۆخانەدا هەیە، نە کەرەستە و پێداویستیی تایبەت و ڕاستەقینەش. ئەوان کیسەخەو، چا لە ترمۆزدا، و سوپی گەرم بۆ پەنابەرانی ناو دارستانەکان دەبەن. بەڵام ئاسان نییە بگەن بە پەنابەران – چونکە هەم ناوچەکە زەلکاوە و هەمیش لە ترسی هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا. بەگشتیی، تەنانەت کاتێک پێویست بە ئەمبوڵانسیش بێت، نایەن و وەڵامت دەستناکەوێت. و کێ لە ماڵەوە تابووتی هەیە؟ بەم دواییانە دانیشتوانی ناوچەیی کەسێکیان بە جۆلانەی کۆنی نووستن، گواستووەتەوە. ئەوان منداڵێکی دوو ساڵەی نقومبووی نێو زەلکاوەکەیان هەڵکێشاوەتە دەرەوە. ئەوان باس لە کوڕێکی ١٤ ساڵان دەکەن کە بەتەنها لەو ناوە دەهات و دەچوو، هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا باوکیان بۆ بێلاڕوس دیپۆرت کردبووەوە و ئەویان لەبیرکردبوو. لە سەرەتادا، دانیشتوانی ناوچەیی بە دەسەڵاتدارانی پۆڵەندییان ڕاگەیاندبوو کاتێک بۆ یەکەمجار پەنابەرانیان بینیبوو، چونکە پێیانوابوو دەسەڵاتدارن پەنابەران دەبەنە نێو کەمپەکان و ئاگایان لێیان دەبێت. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا پەنابەران دەخاتە ناو ترۆمبێلی میلیتارییەوە و ڕەوانەی بێلاڕووسیان دەکاتەوە. 

بەگوێرەی یاسای ئەوروپیی و نێونەتەوەیی، ئەمجۆرە پاڵنان و دەرکردنانە نایاسایین. بەڵام حکومەتی پۆڵەندیی بە یاسا بەشێوەیەکی دیفاکتۆ ڕەوایەتیی بەم پاڵنان و دەرکردنە داوە.

گۆرچینسکا: بەڵێ، لەناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا، پەرلەمانی پۆڵەندا هەموارکردنەوەیەکی یاسای پەسەندکرد کە ڕێگا بە پاسەوانانی سنوور دەدات ڕاستەوخۆ کۆچبەران دەربکەن. هەروەها دەکرێت لە کۆچبەران قەدەغە بکرێت دووبارە بێنەوە ناو پۆڵەندا و ناوچەی شینگن بۆ ماوەیەکی زەمەنیی شەش مانگ بۆ سێ ساڵ. ئەگەر کەسێک داوای مافی پەنابەریی بکات، هێشتا بە فەرمیی دەتوانن ئەم کارە بکەن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە لە واقیعدا، داوای مافی پەنابەریی لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە “فەرامۆش دەکرێت” و خەڵکیش پشت لەم شتانە دەکەن. دەزانین کەسێک لەبەردەم ئامادەیی پارێزەرێک، ڕۆژنامەنووسێک و پاسەوانێکی سنوور داوای مافی پەنابەریی کردبووە – بەڵام هەر بەسانایی فەرامۆشکرا و پیاوەکە بەزۆر ڕەوانەی بێلاڕووس کرایەوە. تەنانەت لە نەخۆشخانەکانی پۆڵەنداشەوە، کە تەنها چەند کەسێک شوێنیان بۆ کراوەتەوە و ڕاگیراون، بۆ بێلاڕووس دیپۆرتکراونەتەوە.

ئایا هەرگیز پەنابەران لە پۆڵەندا تۆمار دەکرێن؟

گۆرچینسکا: چەند کەسێک بەڵێ، بەڵام بە موتڵەقیی نازانرێت چ پێوەرێک بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنرێت. لە سەرەتادا، پێمانوابوو لەوانەیە پۆڵەندا هەندێک خێزان یان خەڵکی خاوەن پێداویستیی وەربگرێت کە پێویستیان بە پارێزبەندیی هەیە. بەڵام ئەم بۆچوونەشمان هەڵەبوو. لێرە زۆردارییەکی ڕووت حوکم دەکات. چیتر یاسا ڕۆڵی نییە. کەمێک لە یاری قوماری ڕۆڵێتی ڕووسیی دەچێت: هەندێکجار دەسەڵاتدارانی پۆڵەندیی ڕێگا بە خەڵک دەدەن داوای مافی پەنابەریی بکەن، و هەندێکجاری دیکەش نا. 

بارودۆخی کەمپی پەنابەران لە پۆڵەندا چۆنە؟

گۆرچینسکا: بەتەواویی پڕ پڕن لە خەڵک، چونکە حکومەت نە کارمەندی پێویست و نە شوێنی پێویستی دابینکردووە. ئەوانەی دەگەنە ئێرە بۆ ماوەیەک پارێزراون، بەڵام کەمترین خواردن دابین دەکرێت و خەڵک شوێنی مانەوەیان زۆر کەمترە لە خانەکانی زیندان. و زۆربەی ئەوانەی بەدووی پارێزبەندییدا دەگەڕێن، زۆر ناهێڵرێنەوە و بەخێرایی دیپۆرت دەکرێنەوە. ئەوان لەلایەن هێزەکانی بێلاڕووسەوە لێیان دراوە، بریندارکراون، شوێنی شکاویان لە جەستەیاندا هەیە و کەچی لەلایەن پۆڵەندییەکانیشەوە دووبارە ڕەوانەی بێلاڕووس دەکرێنەوە. سەربازانی بێلاڕووس پەنابەران ناچار دەکەن لەسەر سنوور تەلبەندەکان ببڕن و بچنە پۆڵەنداوە یان بەنێو درزی کراوەی شوورەکانەوە ڕەت ببن و سەربازانی پۆڵەندیش دووبارە بەهەمان ڕێگادا ڕەوانەی بێلاڕووسیان دەکەنەوە. 

و یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت…

گۆرچینسکا: هەر هیچ ناڵێت! شایانی باوەڕ نییە. لە برۆکسلەوە تۆنێکی توند دژی لۆکاشینک دەبیستین، بەڵام هیچ کەس بەرانبەر بە حکومەتی پۆڵەندیی هیچ ناڵێت، سەرەڕای ئەوەی بە تەواویی یاسای قبوڵکراو پێشێل دەکات. ناکرێت چیتر شتەکان بەمجۆرە بەردەوام بن! دەبێت یەکێتیی ئەوروپا دواجار دڵنیایی ببەخشێت لەوەی ڕۆژنامەنووسان، کارمەندانی تەندروستیی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەستیان بگات بە ناوچە سنووردارکراوەکانەوە. خاچی سوور و ڕێکخراوە هاوشێوەکان خەڵکانێکی زۆریان ڕاهێناوە و دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمجۆرە بارودۆخانەدا دەکەن. پۆڵەندییەکانی سەر سنوور چیتر ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن. ئەوان وەک چالاکوانانی ڕێکخراوەکەی ئێمەوە تووشی تراوما هاتوون. خۆم تەواو لەپەلوپۆ کەوتووم و هیوابڕاوم، لە هەموو ژیانمدا شتێکی لەم چەشنەم ئەزموون نەکردووە. تەنانەت هەندێک پاسەوانی سنوور دەگرین و مەست دەبن بەوەی چیتر ناتوانن بەرگەی ئەو فشارە سایکۆلۆژییە بگرن. یەکێک لەو پاسەوانانە پێیگوتم کە پاڵی بە منداڵێکەوە ناوە بۆ بەرەکەی دیکەی سنوور – ئەمە فەرمان بوو – و ئێستا دووچاری مۆتەکە و خەوی ناخۆش دەبینێت. 

 سەرۆکی هەرێمی سەکسۆنیای ئەڵمانیا، میشایل کرێچمە گوتوویەتی: “ئێمە پێویستمان پەرژینەکان و هەروەها بە دیوارەکانیش هەیە… کەس گرنگیی بە دیوار نادات، بەڵام ئێستا ئەو کاتەیە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا حەقیقەتی خۆی بسەلمێنێت”. چ چاوەڕوانییەکتان لە ئەڵمانیا هەیە؟

 

گۆرچینسکا: چاوەڕوانی ئەوەم ئەڵمانیا پشتی حکومەتی پۆڵەندا نەگرێت، کە یاسا دەشکێنێت، بەڵکو لەپاڵ کۆچبەرانەوە بووەستێت. بەڵام هەر کاتێک گوێبیستی سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیی دەبم هەر دەبینم ستایش و پشتیوانیی هێزە ئەمنییە پۆڵەندییەکان دەکەن و سەرزەنشتی لۆکاشینکۆ دەکەن. بێگومان دەبێت توند سەرزەنشتی لۆکاشینکۆ بکرێت، بەڵام ئێمە قسە لەبارەی چەند هەزار پەنابەرێکەوە دەکەین! هەندێکیان خزم و کەسوکاریان لە ئەڵمانیا هەیە. 


دەتوانیت نموونەیەکی بەرجەستەمان بۆ بهێنیتەوە؟

گۆرچینسکا: لەنێو پەنابەرانی سەرسنوور، بۆ نموونە، ژنێکی سووریی هەیە خێزانەکەی مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێدراوە. ئەو ئێستا نەخۆشە و ڕێگای خۆی بەرەو بێلاڕووس گرتووەتە بەر بەبێ ئەوەی خێزانەکەی بزانن تا لەوێوە بگاتە ئەڵمانیا. ئەو پێڵاوەکانی لەناو جەنگەڵەکەدا بزرکردوون و چەندین ڕۆژە لەژێر پلەی سفری سەدیدا لەو دارستانە بەپیی پەتیی دەسووڕێتەوە. پاشان سەرئێشەیەکی توند دەگرێت. ئەو یەکێکە لەو دەگمەن کەسانەی توانیویانە بگوێزرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پۆڵەندیی. لەوێ سەلمێنرا کە بارودۆخی تەندروستیی ترسناکە. خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە هاتن بۆ پۆڵەندا، بەڵام تەنانەت سەرەتا ڕێگەیان پێنەدرا کچەکەیان ببینن، چونکە بەهۆی ڕێساکانی کۆرۆناوە، و پاشان تەنها بۆ پانزە خولەک ڕێگەیان پێدرا. بۆ یەکەمجار دوای ساڵانێکی زۆر دووبارە کچەکەیان بینییەوە – ئەویش بەجۆرێک کە لەسەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە پاڵکەوتووە. و هێشتا مەترسیی ئەوەش هەیە کە دیپۆرتی بێلاڕووس بکرێتەوە. تکایە، ئەڵمانیا کۆسپە بیرۆکراتییەکانت نەرم بکەرەوە و ئەم خەڵکانە وەرگرە!

چ دەرفەتێکتان لە ڕێکخراوی هێلسنکی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە زیاتر چالاک ببێت، ئێوە دەتوانن ئێستا چی بکەن؟

گۆرچینسکا: ئێمە، تیمێکی پارێزەران، پەنابەران، کرێکارانی فریاگوزاریی و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، لەو شوێنە پشتیوان دەبین کە بتوانین. ئێمە پرۆسەی یاسایی بۆ پەناخوازان دابین دەکەین، و لە ئێستاشدا هەروەها پەیوەندیی بە هاووڵاتیانی پۆڵەندییەوە دەکەین کە لە سنوورەکان دەژین و یارمەتیدەرن. ئێمە و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکای دیکە پاداشت و پارەی بەخشش و پێداویستیی کۆدەکەینەوە و پاشان هێندەی ڕێگەمان هەبێت تا سنوورەکان بە کیسە خەو، چاکەتی گەرم، پێڵاو و شتی دیکەوە دەڕۆین. لەوێ ڕادەستی دانیشتوانە لۆکاڵییەکانیان دەکەین کە دەتوانن بەسەر پەنابەراندا دابەشیان بکەن. لەڕاستیدا کەموکورتیی لە کەرەستەی فریاگوزاریی نییە – کێشەکە ئەوەیە چۆن بگەینە کۆچبەران. چونکە دەبێت هەموو ڕێکارێکی یاسایی ئەنجام بدرێت تا پێیان بگەین و وەک گوتیشم، هیچ پشتیوانییەکی فەرمیی لە دەوڵەت، یەکیتیی ئەوروپا یان ڕێکخراوە فریاگوزارییە خاوەن ئەزموونەکان بوونی نییە، ئەمەش کارەکە سەخت دەکات. چۆن دەکرێت حکومەت ئێمە بەتەنها بەمجۆرە بەجێبێڵێت؟

تۆ هەست بە بێهوایی و شەکەتبوون، لەپەلوپۆکەوتن دەکەیت…

 

گۆرچینسکا: من تەنها کەس نیم ئەم هەستەی هەبێت. جەنگەڵی سەر سنوور بەهەشتێک بوو، زۆر دانیشوانی شاریی دەهاتن بۆ ئێرە چونکە زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بوو. ئێستا، بووەتە دۆزەخ. بەڵام لەناوەڕاستی ئەم دۆزەخەشدا، هێشتا مرۆڤایەتیی و یارمەتیی هەیە. ئێستا دۆخەکە تەنها لەڕووی سیاسییەوە وەک تاوان دەبینرێت. زۆر خەڵک کە لێرە بۆ ماوەیەکی زۆر ژیاون، بیر لە ساتە تاریکەکان دەکەنەوە. ئەوان [لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا] فێرببوون جولەکەکان لە ماڵەکانیان لەو ناوچەیە بشارنەوە. ئێستا پەنابەران لە ماڵەکانیان دەشارنەوە، بەڵام جورئەت ناکەن ئەمە بە دراوسێکانیان بڵێن، چونکە بارودۆخی یاسایی بەجۆرێکە ئەگەر ئاشکرا ببن ڕاپێچی زیندان دەکرێن. چونکە ئەوانە تەنها کەس نین یارمەتیدەر بن، بەڵام هەروەها ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکانیش هەن بە یارمەتیدەران دەڵێن خائین و خەبەریان لای دەسەڵاتداران لێدەدەن. بەم دواییانە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە پۆڵەندا پەنابەرێکی عێڕاقییان لە ئۆتۆمبێلێکیان جێکردۆتەوە، ئێستا یەکێک لەو چالاکوانانە سزای هەشت ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە بەتۆمەتی قاچاغچێتیی. لە پۆڵەندا! لە ناوەڕاستی ئەوروپا! لە سەدەی بیست و یەکدا! ئەمانە ئەو بارودۆخانەن پێموانەبوو مومکین بن. ئێمە لە جەنگ داین. لە جەنگێکی کارەساتبار دەچێت.


مارتا گۆرچینسکا، خەڵکی پۆڵەندا و دانیشتووی وارشۆی پایتەختە، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەرانە و هەڵسوڕاوی ڕێکخراوی هێلسنکییە بۆ مافەکانی مرۆڤ

سەرچاوەی وەرگێڕان
https://www.proasyl.de/news/an-der-polnischen-grenze-eine-politik-die-menschen-einfach-sterben-laesst/?fbclid=IwAR24B2zeEIX-4c195ylNPQu9NZIUbwl1GR3eRQDrmQl-xW-p6CPXq0SHO3E 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن