بیل كلینتۆن نەخۆشە
02:16 - 15/10/2021
"زەمەن"
بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەهۆی دووچاربوون بە هەوکردن، برایە نەخۆشخانە.
پزیشکەکانی کلینتۆن لە بارەی رەوشی تەندروستی ناوبراوەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەیان خستوەتەڕوو کە رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، بیل کلینتۆن، براوەتە نەخۆشخانە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە کلینتۆن لە ئێستادا لەژێر چاودێریدایە و چارەسەر وەردەگرێت، جەستەشی بەشێوەیەکی باش وەڵامی چارەسەرەکان دەداتەوە.
پزیشکەکانی کلینتۆن هیواشیان خواستووە ناوبراو لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانێت بچێتەوە بۆ ماڵەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە چەند سەرچاوەیەک کە لێدوانیان بۆ راگەیاندنەکانی ئەمریکا داوە، ئەوەیان ئاشکرا کردوە کە کلینتۆن بەهۆی ئالوودەبوونی خوێن بە بەکتریا براوەتە نەخۆشخانە و بۆ رێگری کردن لە هەر رەوشێکی نەخوازراو، خراوەتە ژێر چاودێری وردەوە.
بیل کلینتۆن ساڵی ١٩٤٦ لە دایكبووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣-٢٠٠١ سەرۆکی ئەمریکا بوو، پێش وەرگرتنی ئەو پۆستەش بۆ ماوەی ١٢ ساڵ پاریزگاری ویلایەتی ئارکانسا بوو.