راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
08:16 - 13/10/2021
راگەیەندراوی جڤاتی
نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ چوارشەممە،
١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی
نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا:
یەکەم: وەک
دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن
دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت
تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی،
ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ
گۆڕانکاری.
دووەم: ستراتیژی
بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی،
ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ
درا.
سێیەم: ئەنجامدانی
کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی
قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە
قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان
بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی
بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.
چوارەم: ڕاستە
بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛
هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی
کوردستان سەردەکەوێ.
جڤاتی نیشتمانی
بزوتنەوەی گۆڕان
١٣ی ١٠ی ٢٠٢١