شاندێكی هەدەپە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد
12:45 - 27/09/2021
زەمەن_سلێمانی
شاندێکی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە شاری سلێمانییە و سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و چەند پرسێكیان تاوتوێكرد.
شاندێكی پەرلەمانتارانی هەدەپە شەوی ڕابردوو لە باكووری كوردستانەوە گەیشتنە سلێمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد و لەلایەن عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و بەختیار ئەولی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازییان لێکرا.
دوای كۆبونەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێكخست، مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە، ڕایگەیاند: ئامانجمان لەم سەردانەدا پێکهێنانی یەکێتییە، هەڵبژاردن لە بەردەممان دایە و ئێمە هاوکاریی و یەکێتی گەلی کورد زۆر بە گرنگ دەبینین.
وتیشی"کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ گۆڕان هەبوو، پێشوازییەکی گەرمیان کرد، هەروەها دڵخۆشین بە هاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕان، سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و هیوادارین ڕێگایان کراوە بێت".
لایخۆیەوە، بەختیار ئەولی، ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕانیش وتی: هاتنی هەدەپە بۆ پشتیوانیی لە هاوپەیمانییەکەی ئێمەیە لەگەڵ یەکێتی بوو، وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی.
شاندی هەدەپە پێکهاتوون لە مەحمود تۆغرول، مەرال دانش بەشتاش و پەرلەمانتارانی هەدەپە، دوای بزوتنەوەی گۆڕان، شاندەكە گەیشتە بارەگای هاوپەیمانی كوردستانی و لە ئێستادا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و سۆران جەمال تاهیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە كۆبونەوەدان.