275 کوردستان

سەربەست لەزگین: رێكەوتنی شنگال وەك پراكتیك جێبەجێ نەكراوە

09:45 - 17/09/2021

زەمەن-

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ناوەندی هەماهەنگی ماوەیەكی كەمە لە خانەقین، كەركوك، مەخموور و رۆژئاوای موسڵ پێكهێنراون، دوو ناوەندی سەرەكیش لە هەولێر و بەغدا دروستكراون، ماوەیەكە دەستبەكارن.


سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری واشنتنی ئەمەریكاوە رایگەیاند، ئەو دوو ناوەندە تیمێكن لە ئەفسەرانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق، كار دەكەن بۆ دروستكردنی دوو لیوای هاوبەش، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق تەماسن، ئەگەر بابەتی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ نەبوایە، كارەكانی دروستكردنی ئەو دوو لیوایە تەواو ببوون.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەم هەماهەنگییە دەستپێكێكی زۆر باشە، كە لە نێوانی  حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێوانی دەزگاكانی ئەمنی و سەربازیدا.

لەزگین ئاماژەی بەوەكرد، لایەنی عێراقی ئامادە باشی بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی شنگال وەك خۆی هەیە، ئاستەنگ هەیە بۆ جێبەجێنەكردنی ئەو رێكەوتنە، ئەویش ئەو گروپ و چەكدارانەی لە لایەن پەكەكەوە دروستكراون، لە شنگال ئاڕاستە دەكرێن.

هەروەها وتی "رێكەوتنی شنگال وەك پراكتیك جێبەجێ نەكراوە، بەڵام ئامادەییەك لە لایەنی عێراقی بۆ ئەو بابەتە هەیە، جیا لەوەش گروپێك لە حەشدی شەعبی پاڵپشتی ئەو چەكدار و میلیشیایانە دەكەن كە تا ئێستا لە شنگالن، كە پێویستە حكومەتی عێراقی ئەوان لەوێ دەربكات و ئاوارەكانی شنگال بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن