چۆن ئاسمانی هەرێم لە فڕۆكەی درۆن دەپارێزرێت؟
10:39 - 15/09/2021
زەمەن- پشتیوان
جەمال
بەمەبەستی وەرگرتنی
بۆچونی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر پەلاماری هەرێمی كوردستان لەلایەن میلیشیاكانەوە بە
"فڕۆكەی درۆن" و چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاسمانی هەرێم لەو مەترسیە نوێیە
بپارێزرێت؟ "زەمەن" ئەم دیدارەی لەگەڵ (لیوا قارەمان شێخ كەمال) جێگری
سوپاسالار بۆ كاروباری ئۆپەراسیۆن لە وەزارەتی پێشمەرگە سازداوە.
زەمەن: فڕۆكەی
درۆن چەند ساڵێكە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەت لەم
دواییەدا كە نەخشەی جیۆپۆلۆتیكی هەرێم چەند ساڵێكە بە ئەلیكترۆنی كراوه، بەرێزتان
چۆن لەم دیاردە تازەیە دەڕوانن؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: فڕۆكەی درۆن تەكنەلۆجیایەكی نوێیە و ئێستا بەكاردێت بۆ هێرشكردنە سەر ئەو
ئامانجانەی دەیانەوێت، چارەسەری ئەم شێوازەش تەنها بە چەكی دژە درۆن دەبێت، چونكە
ئەوە بەئاسانی كەشف ناكرێت، لەبەرئەوە هەم پیشەسازی ئەو مەوادانەی لێی دروستكراوە
و موحەریكێكی حەراری نییە تا بڵێین كەشف بكرێت، لەبەرئەوە پێویستی بە چەكی تایبەتی
خۆی هەیە، چونكە نەك هەر كوردستان، بەڵكو چەند جارێك بە درۆن هێرشكراوەتە سەر سعودیە
و ئەمەریكاش پاتریۆتی هەبوو، بەڵام پاتریۆتیش چارەسەری ئەوە ناكات، پێویستی بە چەكێكی
نوێیە.
زەمەن: ئەو چەكە
نوێیە ناتوانرێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دابین بكرێت؟
لیوا قارەمان شێخ كەمال::
هەرێمی كوردستان تائێستا دەوڵەت نییە تا بتوانێت بەئارەزووی خۆی چەك لەوڵاتانی دەرەوە
هاوردە بكات، هاوپەیمانان لێرەن و دەتوانن ئەو چەكانە دابین بكەن بۆ چارەسەركردنی
ئەو ئامانجانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە وەك چەكی درۆن، هەندێك لەو درۆنانەش كەوتونەتە
خوارەوە، بەڵام دیارە پێویستی بە چەكی دەقیقترە كە بەهیچ شێوەیەك نەتوانرێت ئەو درۆنانە
ئامانجی خۆی بپێكێت.
زەمەن: بەڕێوەبەری
ژوری بازرگانی ئۆكرانیا لە عێراق پێشنیاری كڕینی چەكی دژە درۆنی بۆ كوردستان كردووە،
ئایا دەتوانرێت ئەو پێشنیارە جێبەجێ بكرێت؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال:: هێنانی ئەو چەكانە یان چەك و پێداویستی هێزی پێشمەرگەش لەلایەن هاوپەیمان
هەمووی پێویستی بەرەزامەندی حكومەتی عێراقە،
هیچ چەك و پێداویستییەك ناگاتە وەزارەتمان هەتا وەزارەتی بەرگری عێراق مۆڵەتی پێنەدات،
لەبەرئەوە وەك باسمكرد كوردستان هەرێمێكی فیدراڵییە و ناتوانین هاوردەی ئەو چەكانە
بكەین، بەڵام دەتوانرێت لەڕێگەی هاوپەیمانانەوە حكومەتی كوردستان داوا بكات ئەم جۆرە
چەكانە دابین بكەن، ئەویش ئەگەر دابینی بكەن.
زەمەن: ئەی ئێوە بە حكومەتی عێراقتان
وتووە بۆ دابینكردنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان، ئەم جۆرە چەكانە دابین بكات؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: من نامەوێت بچمە بواری سیاسییەوە، چونكە ئێستا لە كاتی هەڵبژاردنین و
ململانێی سیاسی هەیە و كۆمەڵێك عەرەبی شۆڤێنی هەیە چاویان بە كوردستان هەڵنایەت و
ئەوانە رێگرن، بۆ نموونە لەسەر كردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەناوچە دابڕاوەكان هەندێك
لە عەرەبەكان هاتونەتە سەر خەت، لەسەر هێزی هاوبەش لەگەڵ عێراق عەرەبی شۆڤێنی
هاتونەتە خەت، بۆیە ئەوەش ئاسان نییە و وەك رای خۆم پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ
هاوپەیمانان ئەو هەماهەنگییە بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتانە.
زەمەن: ئەی بە
هاوپەیمانانتان وتووە بۆ ئەو چارەسەرە، رای ئەوان چییە؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: هاوپەیمانان لەم مەسەلەیە دوور نین، چونكە ئەوان بەپلەی یەكەم ئامانجدارن،
بەڵام زۆرجاریش ئەو درۆنانە ئامانجی خۆی هەڵە دەكات و دەكەوێتە ناوچەی مەدەنییەوە،
بۆیە هاوپەیمانانیش لەم مەسەلەیە بێئاگا نین، لەبەرئەوە دەبێت خۆیان چارەسەری بۆ
بدۆزنەوە، حكومەتی هەرێم دەبێت لەسەر ئەم بابەتە بەجددی لەگەڵ هاوپەیمانان قسە بكەن
بۆ ئەوەی شێوازێكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی بدۆزنەوە.
زەمەن: بەڵام زۆركات
هاوپەیمانان دێنە لاتان، باسی ئەم مەسەلەیەتان كردووە؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: نەخێر تائێستا باسی ئەو مەسەلەیە نەكراوە، خۆی شتەكە روونە و وەك باسمكرد یەكەم
لایەن ئەوان ئامانجدارن.
زەمەن: ئایا ئەو
هێرشانە بۆ ترس و دڵەڕاوكێیە یان بۆ هاوپەیمانانە بەدیاریكراوی؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: بەشێوەیەكی گشتی دوو ئامانجە یەكێكیان تێكدانی سەقامگیری كوردستان و پاشان
هاوپەیمانان.
زەمەن: ئەو گروپ
و لایەنانەی ئەم هێرشانە دەكەن ئاشكران؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: هاوپەیمانان لە هەموو جوڵەیەكی گروپەكان لە دەرەوەی یاسا ئاگادارن، لەگەڵ عێراقیش
هەواڵگری هاوبەشیان هەیە و بێگومان دەزانن ئەو هێرشانە لە كوێوە هاتوون.
زەمەن: قەت هاوپەیمانان
گلەیی لە ئێوە ناكەن كە ناتوانن كۆنتڕۆڵی ئەو هێرشانە بكەن؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: هاوپەیمانان لەو بارەیەوە قودرەت و توانای كوردستان دەزانن، ئەو هێرشانە لەدەرەوەی
هێڵی بەرگری پێشمەرگە بوون.
زەمەن: پێتوایە
دوای نزیكەی 30 ساڵ لەحكومڕانی دەبوایە و پێویست بوو دەزگایەكی نیشتمانی سەربازیمان
هەبوایە بۆ بەرگری لە ئاسمان و زەمینی هەرێم؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانییە، بەڵام بە باشی رێكنەخراوە، ئێستا بەرنامەی رێكخستنەوە
و یەكخستنەوەی هیزی پێشمەرگە لەئارادایە، زیاتر لە شەش مانگە پڕۆسەی یەكخستنەوە و
رێكخستنەوەی پێشمەرگە كارا بووە و هاوپەیمانانیش بەبەردەوامی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە
كار دەكەن و داوای لەو هێزانەش كردووە كە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، خۆیان رێكبخەنەوە
بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەكخستنەوەكە ئاسان بێت، لەم ماوەیەشدا چوار لیوا دەرەوەی وەزارەت
هاتوونەتە وەزارەت.
زەمەن: ئەو رێكخستنەوە
و یەكخستنەوەیە ئاسانكاری دەبێت بۆ پاراستنی ئاسمان و زەمینی كوردستان؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەقازانجی كوردستانە، بەڵام مەسەلەی پاراستنی ئاسمانی
كوردستان پێویستی بە چەكی تایبەتی خۆیەتی، بەپێی ئەو ئامانجەی دەتەوێت چارەسەری بكەیت
چەكی خۆی دەوێت، بۆیە كوردستانیش ئەو چەكەی نییە.
زەمەن: هەست دەكەن
ئەو هێرشانە بۆ لەكەداركردنی كوردستانە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی كاریگەری دەبێت،
چونكە لە شاری هەولێر كونسوڵخانەكان هەیە؟
لیوا قارەمان شێخ
كەمال: بەتەئكید وەك وتمان دوو ئامانجە، یەكێكیان بۆ هاوپەیمانان و ئەوەی تریش بۆ
تێكدانی سەقامگیرییە كە كونسوڵخانەی لێیە و پاشان بۆ خەڵكی مەدەنیش.