كازمی و ئەردۆغان لەسەر هێرشەكانی مەخمور و شنگال قسەیان كرد
10:49 - 21/08/2021
زەمەن_عێراق
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا قسەیان لەسەر پرسی هێرشەكانی مەخمور و شنگال كرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی ئەنجامداوە .
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە لەبارەی پێشھاتە ئەرێنییەکان لە بوارەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی، بازرگانی، سەربازیی و ھەواڵگریی. ھاوکات پرسی بەھێزکردنی ھەماھەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆری" بە گرنگ زانیوە.
ئەردۆغان باسیلەوەكردووە، "پەکەکە لە پاڵ ئەوەی لە قەندیل بوونی ھەیە، لە ناوچەکانی وەک مەخموور و شنگال کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدڕاڵییدا، بوونیان ھەیە".
ئەردۆغان، تویەتی: "کە لەو ئۆپەراسیۆنەی دوایی تورکیا بۆسەر شوێنی حەوانەوەی پەکەکە و درێژکراوەکانی، ھەروەکو ئەوانەی پێشوو تەنھا ئەندامانی ئەو رێکخراوە بە ئامانج گیراون".
ئەردۆغان رەتیكردوەتەوە ئەو شوێنەی لە شنگال بە ئامانج گیراوە نەخۆشخانە یان ناوەندی تەندروستیی بێت و بە شوێنی حەوانەی ئەندامانی پەكەكە ناویبردووە.
ئەمە دوای ئەوەدێت، سێشەممە 17ی ئاب فرۆكەكانی توركیا هێرشیانكردە سەر نەخۆشخانەی گوندی سکێنیە کە دەکەوێتە باشوری شنگال و لانیكەم پێنج كەس گیانیانلەدەستدا و 10ی تریش برینداربون. لە نێویاندا منداڵ هەبوون.