ئەو گەنجە عێراقییەی بە بایدنی وت خۆم دەكوژم: نامەوێت بچمە ئەمریكا
10:25 - 21/07/2021
زەمەن_عێراقی
عەلی عادل، ئەو گەنجە عێراقییەی كە بە ڤیدیۆییەك ناوبانگی پەیداكردووە، دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بووە بەوەی لەلایەن بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە وەڵامدراوەتەوە، وتی: نامەوێت بڕۆمە ئەمریكا.
عەلی عادل، لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆی تۆماركرد، كە تێیدا هەڕەشەی خۆكوشتن دەكات ئەگەر جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا بە دەمیەوە نەیەت و ڤیدیۆیەكەشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستاودەستی زۆری پێكرا.
ئەو گەنجە عێراقییە، بە سكای نیوزی راگەیاندووە، سەرسامبووە بەوەی لەلایەن بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە وەڵامدراوەتەوە، چونكە پێشترلە چوار ڤیدیۆدا پەیامی بۆ جۆو بایدن ناردووە و وەڵامنەدراوەتەوە.
عەلی عادل، دەڵێت من گرنگ بەوە نادەم بڕۆمە ئەمریكا، گرنگترین شت ئەوەیە دەنگم بگاتە جیهان. لەبارەی ڤیدیۆكەشەوە وتی: بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تۆماركراو لەو كاتەدا هەم كارەبا خراپ بوو هەمیش دەنگی تەقە دەهات.
ئەو گەنجە عێراقییە، دەڵێت: ئەگەر چاوی بە سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت، ئەوا قسە لەسەر شتە تایبەتیەكانی خۆی ناكات، بەڵكو قسە لەسەر گوزەرانی گەنجانی عێراق دەكات كە نە شەقامیان هەیە نە كارەبا نە كار.
لە كاردانەوەی ڤیدیۆكەی عەلی عادلدا، جۆ هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵات، بە گرتەیەكی ڤیدیۆی وەڵامی دایەوە و وتی: خۆشەویستم عەلاوی خۆت لەسەر بیناكەوە مەخەرە خوارەوە، ئێمە لە ئەمریكا خۆشمان دەوێیت.