1126 کوردستان

راگه‌یه‌نراوێك له‌ ئه‌نجومه‌نی خاوەن ئوتومبیلە بێ سەرەتاكانه‌وه‌

02:58 - 21/07/2021

زه‌مه‌ن - سلێمانی
ئەنجومەنی خاوەن ئوتومبیلە بێ سەرەتاكان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن بە بڕیاری قەدەغەكردنی مامەڵە بەو ئوتومبیلانەدا بچێتەوە لەبەرئەوەی ئەوان زیانێكی گەورە دەكەن و 19 هەزار ئوتومبیل دەبنە قوربانی.


رۆژی 18ی ئەم مانگە پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی رایانگەیاند، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیار دراوە رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە بگیرێتەبەر كە ئوتومبیلی جامڕەش و بێسەرەتا لێدەخوڕن، بۆیە لە ڕۆژی 18ی مانگەوە تا رۆژی 24ی ئەم مانگە مۆڵەت بەو كەسانە دەدرێت، دواتر ئەگەر لەسەر شەقامەكان ببینرێن رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.

لە بەرامبەردا ئەنجومەنی خاوەن ئوتومبیلە بێ سەرەتاكان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەی بۆ "زەمەن" نێردراوە رایانگەیاندووە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر ئوتومبیلی بێ سەرەتا هەیە كە بە نزیكەی 19 هەزار ئوتومبیل دەژمێرێت و هەر ئوتومبیلێكیش بە حەوت تا هەشت هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت و بایی دەیان ملیۆن دۆلار دەبن، ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم داویەتی نەك چارەسەر نییە، بەڵكو قەیرانێكی قوڵ دروست دەكات، بۆیە هەم لەڕووی ئابورییەوە و  هەمیش دڵی چەندین خانەوادەی ئەم هەرێم زویر دەكات.

بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنەكە ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم رەتدەكەنەوە و بە بڕیارێكی ناڕاستی دەزانن و داواش دەكەن بە بڕیارەكەدا بچێتەوە بۆ ئەوەی زیانمەند نەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن