ئەو شتانەى لەبیر دەچێ و ناچێ
04:36 - 19/07/2021
سەڵاح شوان
زۆرجار بووە
دڵم لەلای کچآ داناوە بۆ ساتآ
بەڵام پاشان
بیرم چووە لێی وەربگرمەوە
ئێستایش
لەلای ماوە
***
جاریش بووە
خۆم و دڵم
میوانى شەوی ژنێک بووین
کە سبەینآ چاوم هەڵهێناوە
دیومە
هەرچیم هەیە
دڵم شەوآ لەگەلڕ خۆیدا بردوویەتی
بەڕووتی لەوآ جێی هێشتووم
چەند جارێکیش
لە باخچەیەکی لاچەپدا
لە چاوەڕوانیى ژوانى ئافرەتێکا
خۆم لەبیر چووە ئێستاکەیش
لەوێدا هەر چاوەڕوانم
***
هەندێ جاریش
لەپەرێزێکدا لە چۆڵێ
هێلکە قەتێی زۆرم دیوە
ویستوومە خێراکەم بچم
کڵاوەکەم بهێنم
پڕی هێلکە قەتآ بکەم
لەخۆشییدا پێم هەڵنگوتووە و کەوتووم
لەترسان ڕاپەڕیوم
فریای پاروویەکی هێلکەی
بەیانییانیش نەکەوتووم
بگرە لەوانەى یەکەمیش دواکەوتووم
***
جارێکیش لە دوکانەکەی نزیک ماڵمان
شتێکی زۆر جوانم بینی
دام نابوو باوکم ئێوارە لە کرێکاری بێاتەوە
پارەم بداتآ بیکڕم
بەڵام کە دیم بە دەست بەتاڵی هاتەوە
لێی بێدەنگ بووم
ئێستا گەرچی گەڕەکەکەیشمان نەماوە
بەڵام زۆرجار کە پارەم دەبآ دەمەوآ
بڕۆم ئەو شتە بکڕم
بەڵام داخەکەم نازانم
منداڵەکان چی پێ دەڵێن
***
کە منداڵ بووم
دیوارەکانى حەوشەمان
هێند بڵند بوو
نەیدەهێشت سەرەتاتکێیەک
لەگەلڕ کچە بچکۆڵەکەی دراوسێکەماندا بکەم
بەڵام ئێستا هێندە نزمە
بەردەم هیچ گەردەلوولێکی
پایزانەم لێ ناگرێت
لە چاوى بەد و بەدکاران
نامپارێزێ
***
کە منداڵ بووم وامدەزانى
ئەم ژیانە لاپەڕەیەکی سپییە
هەرچییەکی تێدا بنووسم
وام دێتە ڕێ
کە فێربووم وشە بناسم
زانیم ژیان
دەفتەرێکی شڕی پڕ لە
شەڕە پشیلەی زەمانە
جێگاى تەنیا وشەیەکی خۆشەویستی تیا نەماوە
بۆیە منیش هەرچی خۆشەویستیم هەبوو
خستمە ناو شیعرێکی بێدەنگ و نەمنووسی